“لە ئاکرێ دەیان پرۆژە جێبەجێ کراون و بەردی بناغەی چەندپرۆژەیەکی ستراتیجیش دادەنرێن”

قایمقامی قەزای ئاکرێ، دەڵێت: کابینەی نۆیەم لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بە گوژمەی پەنجاو شەش ملیار دینار، دەیان پڕۆژەی جۆراوجۆری لە سنووری قەزاکە جێبەجێ کردووە، لە داھاتووشدا بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە دادەنرێن، کە بەشێک لەو پڕۆژانە ستراتیجین.

ڕۆژی ٢٢ی مانگی ڕابردوو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەردانی شاری ئاکرێی کرد و بە ئامادەبوونی پارێزگاری دھۆک، لەگەڵ قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکانی ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کۆبووەوە. سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرنگیی و دەوڵەمەندیی دەڤەرەکە لە ڕووی کشتوکاڵیی و گەشتوزارییەوە کرد کە دەڤەرێکی ستراتیجییە و ھەر سێ پارێزگای دھۆک و ھەولێر و مووسڵ بەیەکەوە دەبەستێتەوە. سەرۆکی حکوومەت بەرپرسانی ناوچەکەی ڕاسپارد ھەموو ھەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی دانیشتووانی سنوورەکە بکەن.
شەعبان خەلیل، قایمقامی قەزای ئاکرێ، گوتی: ئەو پڕۆژانەی لە پلاندانە و داوامان کردووە لە ناوەندی قەزا و ناحیەکان و گوندەکان جێبەجێ بکرێن، لە سێکتەرەکانی ڕێگەوبان، تەندروستی، پەروەردە، شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ، کارەبا، بوارەکانی گەشتیاری و کشتوکاڵدان.
قایمقامی قەزای ئاکرێ، گوتیشی: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم کاتێک سەردانی دەڤەرەکەی کرد، بۆ ھەر دوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش، ژمارەیەک پڕۆژەی ڕاگەیاند، بۆ ھەر قەزایەک دوازدە ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تەرخان کرد، جگە لە ڕاگەیاندنی زانکۆی ئاکرێ، بۆ وەرزش و لاوانیش ئەوی پێویستە بکرێت و بۆ یانەکانی سنوورەکە مینحەیەک دابین بکرێت، ھەروەھا ئۆتۆمبێلێک بۆ گواستنەوەی یاریزانانی یانەی ئاکرێ دابین بکرێت و یاریگەکان نۆژەن بکرێنەوە. دواتریش لیژنەیەک پێکھات و دیراسەی ھەموو ئەو کێشانە کرا کە لەو دوو قەزایە ھەن، ھەندێک لەو پڕۆژانە کەوتوونەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، پڕۆژەکانی دیکەش لە بواری تەندەردانە و لە ماوەیەکی نزیکدا ڕادەگەیەنرێن و دەست بەجێبەجێ کردنیان دەکرێت.
شەعبان خەلیل، قایمقامی قەزای ئاکرێ، دەشڵێ: لە سەنتەری ئاکرێ بە گوژمەی چوار ملیار دینار ڕێگەوبانەکانی گەڕەکەکان چاک دەکرێن، ھەروەھا ڕێگەی گوندەکان نۆژەن دەکرێنەوە، کە ئێستە ڕێگەی دەیان گوند و ئاوایی لە سنووری ئاکرێ لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، دوو قوتابخانەی ھەژدە پۆلی لە ھەر دوو ناحیەی دینارتە و بجیل دروست دەکرێن، ئەوەش بۆ جارێکی یەکەمە ئەو جۆرە قوتابخانانە لەو دوو ناحیە دروست بکرێن؛ ھەروەھا پڕۆژەیەکی ئاو بە گوژمەی نزیکەی یەک ملیار دینار لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە، لەسەردەمی کابینەی نۆیەم لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا بەگوژمەی پەنجاوشەش ملیار دینار پڕۆژە جێبەجێ کراون و لە قۆناغی جێبەجێ کردندان.
هەروەها قایمقامی قەزای ئاکرێ، ئاشکرای کرد: پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ کە ئێستە ٦٩% تەواو بووە ھەژدە ملیار دیناری دیکەی بۆ تەرخان کراوە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئاسانکارییەکی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ کردووە، سەرۆکی حکوومەت کاتێک سەردانی شارەکەی کرد، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو پڕۆژە دەبێت لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو بکرێت. بە تەواوبوونیشی ئاکرێ و ناحیەی بجیل و دەیان گوند سوودمەند دەبن و کێشەی ئاو لەو ناوچانە چارە دەبێت.