خه‌رجی به‌ڕێوه‌بردنی سێكته‌ری ئاو له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌ت، ساڵانه‌ سه‌د و په‌نجا ملیار دیناره

چواس خالید – هەولێر

هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی كه‌مئاویدایە، له‌ ماوه‌ی بیست و حه‌وت ساڵی ڕابردوودا، چوار سه‌د مه‌تر ئاستی ئاوی ژێر زه‌وی له‌ هه‌رێمی كوردستان دابه‌زیوه‌، ئه‌وه‌ كه‌ زه‌نگی مەترسیی به‌ بیابانبوونە، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ بنیادنانی پۆند و به‌نداو هاووڵاتیانی ئه‌رخه‌یان ده‌كات.

به‌پێی زانیارییه‌كان به‌شێك له‌ شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاوی خواردنه‌وه‌ پشتیان به‌ ئاوی ژێر زه‌وی به‌ستووه‌، له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ڕایگه‌یاندبوو، له‌ ساڵی ١٩٨٦ه‌وه‌ تا ئێستا، چوار سه‌د مه‌تر ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی له‌ هه‌رێمی كوردستان دابه‌زیوه‌.

شاری هه‌ولێر، ڕۆژانە شازده‌ هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی پێویسته‌
به‌پێی زانیارییه‌كان، شاری هه‌ولێر، ڕۆژانە شازده‌ هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی پێویسته‌، كه‌ به‌ هه‌ر سێ پڕۆژه‌ ستراتیجییه‌كه‌ی ئاوی ئیفرازی یه‌ك و دوو و سێ، سێزده‌ هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو دابین ده‌كەن و له‌ ڕێگه‌ی هه‌زار و دوو سه‌د و چل چاڵاویشەوە سێزده‌ هه‌زار مه‌تر سێجاكه‌ی دیكه‌ دابین ده‌كرێت.

ڕێگری لە زیاتر دابەزینی ئاوی ژێر زەوی
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ بۆ پێگه‌ی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار گوتویه‌تی “ده‌تواندرێت به‌ دروستكردنی پۆند و به‌نداوی بچووك، ئاستی ئاوی ژێر زه‌وی، كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا چوار سه‌د مه‌تر دابه‌زیوه‌، بەرز بکرێتەوە”.
دابه‌زینی ئاوی ژێرزه‌وی به‌و ڕێژه‌یه‌، زه‌نگی مه‌ترسییه ‌و ساڵانێكه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و گه‌شتیاری، ڕشتانه‌ كار له‌ سێكته‌ری ئاودا ده‌كات و مه‌به‌ستیه‌تی هاووڵاتیانی له‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری كه‌مئاوی و وشكه‌ساڵی ئه‌رخه‌یان بكات.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا چه‌ندان به‌نداو و پۆندی به‌ گوژمه‌ی قه‌به‌ بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاوی باراناو، له‌ نێزیك شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بنیات ناوه‌ و جه‌ندانیش له‌ جێبه‌جێكردندان، كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا و ته‌نیا له‌ سنووری هه‌ولێر، بیست و هه‌شت پۆند و به‌نداوی بچووك دروست كراون و بیست و دووی دیكه‌ش كاریان له‌سه‌ر ده‌كرێت، جیا له‌وانه‌ و بنیادنانی چه‌ندان پۆند له‌ ناوچه‌ جیا جیاكانی هه‌رێمی كوردستان. به‌پێی داتاكان پار (٢٠٢٢)، دوو به‌نداو له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان و قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان ته‌واو كراون، كه‌ ئه‌مساڵ ئاویان تێدا كۆكراوه‌ته‌وه‌ و به‌هه‌ردووكیان ده‌توانن بیست و دوو ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو گل بده‌نه‌وه‌.
هه‌ر به‌پێی داتاكانیش، پێرار چوار به‌نداو به‌توانای كۆگاكردنی سی ملیۆن مه‌تر سێجا ئاو له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ته‌واو كراون، كه‌ به‌نداوی چه‌مرگه‌ له‌ پارێزگه‌ی هه‌ولێر و به‌نداوی دێوانه‌ له‌ پارێزگه‌ی سلێمانی و به‌نداوی خنس له‌ پارێزگه‌ی دهۆك و به‌نداوی تووڕه‌جاڕیش كه‌وتووه‌ته‌ سنووری ئیدارەی گه‌رمیان.
٢٤ی حوزه‌یرانیش، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ردی بناغه‌ی به‌نداوی به‌ستۆره‌ی دانا و ڕایگه‌یاند، بڕیاریان داوه‌ چه‌ندین به‌نداوی جیاواز له‌ شوێنه‌ جیاجیاكانی كوردستان دروست بكه‌ن.
به‌نداوی به‌ستۆره‌ ٢٠ كیلۆمه‌تر له‌ ناوه‌ندی هه‌ولێره‌وه‌ دووره‌ و به‌ به‌رزی سی مه‌تریه‌وه‌ توانای گلدانه‌وه‌ی بیست ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌.
هاوكات ئێستا كار له‌ بنیاتنانی دوو به‌نداو ده‌كرێت له‌ سنووری پارێزگای دهۆك، كه‌ به‌ گوژمه‌ی زیاتر له‌ حه‌وت ملیار و سه‌د ملیۆن دینار به‌نداوی به‌نداوا ڕۆده‌نرێت، كه‌ توانانی گلدانه‌وه‌ی پێنج ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی هه‌یه‌ و ٣٩%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌، به‌ گوژمه‌ی حه‌وت ملیار و دوو سه‌د و شه‌ست ملیۆن دیناریش، به‌نداوی سپنه‌ دوو له‌ سه‌ر ڕووباری سیپه‌ له‌ ناحیه‌ی بامه‌ڕنی دروست ده‌كرێت، ٤٥%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه‌ و توانای گلدانه‌وه‌ی حه‌وت ملیۆن مه‌ترسێجا ئاوی هه‌یه‌.
له‌ هه‌رێمی كوردستان، حه‌ڤده‌ به‌نداو هه‌ن‌؛ كه‌ به‌نداوی دووكان گه‌وره‌ترینیانه‌ و توانای گلدانه‌وه‌ی حه‌وت ملیار مه‌ترسێجا ئاوی هه‌یه‌.
حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی به‌نداو و پۆند له‌ شێوێنه‌ جیاجیاكانی كوردستان، مه‌به‌ستییه‌تی ئاسایشی ئاو له‌ كوردستان بپارێزێت و له‌ ڕێگه‌ی گلدانه‌وه‌ی ئاوی سه‌رزه‌وی، ئاستی ژێرخانی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رزبكاته‌وه‌ و زه‌وی زیاتری كشتوكاڵی بۆ جوتیاران دابین بكات، هاوكات جوڵه‌ی زیادتریش به‌ كه‌رتی گه‌شتیاری كوردستان بدات.

دابینكردنی ئاو، خه‌رجییه‌كی زۆر و داهاتێكی كه‌م
ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌، جیا له‌ ڕۆنانی پۆند و به‌نداو بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو، دابینكردنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی هاووڵاتیان له‌سه‌ر حكوومه‌ت خه‌رجییه‌كی یەكجار زۆره‌، به‌ به‌راورد به‌و داهاته‌ی له‌ڕێگه‌ی ئاوه‌وه‌ بۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كان، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ساڵانه،‌ نزیك به‌ ملیارێك مه‌ترسێجا ئاوی پاك بۆ هاووڵاتیانی دابین ده‌كات، خه‌رجی به‌ڕێوه‌بردنی سێكته‌ری ئاو له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌ت، ساڵانه‌ سه‌د و په‌نجا ملیار دیناره‌، له‌ كاتێكدا داهاتی كۆكراوه‌ی ئاو له‌ نێوان سی و پێنج بۆ چل و پێنج ملیار دیناره‌.