مینی چێندراوی سەردەمی بەعس، پەنجا ساڵە قوربانییلێ دەکەوێتەوە

محەمەد لادێ – هه‌ولێر

تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و ئێراق تاکو ئێستاش لە کوردستان، بەردەوام خەڵکی لاشەڕ (مەدەنی) دەکاتە قوربانی و دوای نزیکەی نیو سەدە، هێشتا ژمارەیەکی زۆری مین لە خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە بەڕاددەیەک زۆرلە ناوچەی دڵگیر و دڵڕفێنەکانی کوردستان هەن کە لە ترسی مین خەڵکی بێبەش بوون لە بینین و سەردانکردنیان و چێژ وەرگرتن لە کەشە ناوازەکانیان.

چەندین ساڵە رۆژانە تیمەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە کوردستان سەرقاڵی پاککردنەوەی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانن و بەگوتەی سەرۆکی دەزگاکەش، نزیکەی حەوت ملیۆن مین لە هەرێمی کوردستان هەبووە و لەئێستاشدا، دوو ملیۆن مین ماوە و نزیکەی پێنج ملیۆنیش دەرهێنراوە.
دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان ئاشكرایدەكات، تا ئێستا زیاتر لە ١٣هەزار و ٥٠٠ هاوڵاتی لە هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانیی مین، دەشڵێت، تاوەکو ئێستا ٢٥٥هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی هەرێمی كوردستان ماوە لە مین پاكبکرێتەوە.
جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “لە هەرێمی کوردستان هەر لە سەرەتاوە ٧٧٦کیلۆمەتر دووجا زەوی بە مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی پیس بووە. لەو ڕووبەرە ٢٥٥هەزار کیلۆمەتر دووجا ماوە کە پاک بکرێتەوە. واتە ئەوەی کە تا ئێستا پاککراوەتەوە دەتوانین بڵێین سەرووی سەدا ٦٥ی کۆی مینەکان دەرهێنراون و پێشبینی دەکەین، دوو ملیۆن مین لە هەرێمی کوردستان بە کۆی کێڵگەمینییەکانەوە مابێت”. بە گوتەی جەبار مستەفا، ٦٠٪ـی زەویی پیسبوو بە مین و پاشماوەی جەنگی دەکەوێتە پارێزگای سلێمانی.
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین ئاماژەی بەوەشدا، کێڵگە مینییەکان هێندە زۆرن کە توانایی و دەسەڵاتی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان لە ئاستیدا نییە.
گوتیشی: “هەموو شوێنەکان لە بەرنامەماندان کە پاک بکرێنەوە، بەڵام ئێستا بەپێی ئەو ئامێرە کەمانەی کە هەمانن تیمەکانمان ناتوانن بگەنە هەموو شوێنێک. هەوو ئەو شوێنانەی مینیان تێدایە دڵنیایان دەکەمەوە کە لە بەرنامەماندان و پاکیان دەکەینەوە.”
بەپێی ئامارەکان ژمارەی بریندارانی مین لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢بەم شێوەیە بووە:ـ
هەولێر ٧، سلێمانی ٧، دهۆك ٤ و ئیدارەی گەرمیان ٦كەس،واتە كۆی گشتیی برینداران بە مین لە هەرێم بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بریتیی بووە لە ٢٤ كەس.
ژمارەی كوژراوەکانیش:-
هەولێر ١، سلێمانی ٣، دهۆك ١، ئیدارەی گەرمیان ٢ كەس و كۆی گشتیش ٧ كەس بووە، واتا كۆی قوربانییانی مین بە بریندار و كوژراوەوە لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ بریتی بووە لە ٣١ كەس.
هاوکات ساڵی ٢٠٢١یش بەگوتەی سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین، بەرکەوتەی مین ٤٢ کەس بوون کە ١٩ کەسیان گیانیان لە دەستداوە و ٢٣ کەسیشیان کەمئەندام و برینداربوون.
دەزگای گشتی کاروباری مین جەخت لەسەر گرنگیی هۆشیارکردنەوە و پابەند بوونی هاوڵاتیان بە پەیام و ڕێنماییەکانی هۆشیارکردنەوە دەکاتەوە و ئاگاداری هاوڵاتیان دەکات بۆ ئەوەی سەلامەت بن و نەبنە قوربانی بەهیچ شێوەیەک و بۆ هیچ مەبەستێک نزیکی مین و تەقەمەنی و ناوچە مەترسیدارەکان نەبنەوە و هەوڵی دەستکاریکردنیان نەدەن و لەکاتی پێویستدا لەڕێگەی ژمارە ١٨٢ پەیوەندی بە دەزگای مینەوە بکەن.