دەزگا كولتووریەکەی یاد لە ڕێوەڕەسمێكی شایستەدا یادی ئاوازدانەرەكەی ئەی ڕەقیب (شێخ حوسێن بەرزنجی) دەکاتەوە

ئێوارەی شەممە 24/6/2023 بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و د. سالار عوسمان بەرپرسی دەزگای ڕۆشنبیری و راگەیاندنی (پ.د.ک) و ئاریان سەلاحەددین بریکاری وەزیری ڕۆشنبیری لاوان و “فەرهەنگ غەفور” بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەندان و خانەوادەی شەهیدان، یادی ئاوازدانەرەکەی سروودی ئەی رەقیب کرایەوە؛ دەزگای کولتووریی یاد لە یەکەم چالاکی خۆی لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێزی لە خانەوادەی شیخ حوسێن بەرزنجی کە ئاوازدانەری مارشی ئەی ڕەقیبە لە ڕێوەرەسمەکەدا بە خولەکێک وەستان ڕۆحی شەهیدان شاد کرا؛ دوایی وتاری بنەماڵەی شەهید پێشکەش کرا.

هەر لەو ڕێوڕەسمەکەدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر وتەیەکی پێشکەش کرد و خۆشحاڵی دەڕبڕی کە ئەمڕۆ هەولێر یادی ئاوازدانەرێکی بلیمەت و هەڵگری بیری نەتەوەیی وەك شێخ حوسێن بەرزنجی خاوەن مارشی سروودی ئەی ڕەقیب دەکاتەوە، کە خودان خانەوادەیەکی ئایینپەروەر و نیشتمانپەروەر بوونە، بۆیە بە شایانی ئەوانی دەزانین کە ئەمڕۆ رێزیان لێ بگیرێ و ستایش بکرێن.
پارێزگاری هەولێر دەربارەی کەسایەتیی ناوبراو گوتی: لەناو خەڵكدا پێگەی كۆمەڵایەتییان هەبووە؛ شێخزادە بوو، خاوەن تەكیە و تەریقەت بوونە. كەسایەتیەکی دیار و ناسراوی كورد بووە، هەروەها لایەنگری ئاشتی و برایەتی نێوان كورد و نەتەوەکانی تر بووە.
ئومێد خۆشناو، ئاماژەی بەوەیش كرد: “ئەی ڕەقیب ناسنامەی مانەوە و بەرگریكردن و سەرنەوینەكردنی گەلەكەمانە، ڕاستە دژمنانی كوردستان وڵاتی ئێمەیان چوار لەت كردووە، بەڵام لە بەرامبەریشدا چوار كۆڵەگە هەیە وەكو ناسنامە و سیمبوڵ ماوەتەوە كە وا دەكات ئەو گەلە دانەبڕێت لە خەبات و بەرخودان.
لە کۆتاییشدا خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی (دەزگای کولتووریی یاد) پێشكه‌شی خانەوادەی شیخ حوسێن بەرزنجی کرا؛ دواتر دكتۆر سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و چەندین کەسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیری دیکە چەپکەگوڵی ڕێز و سوپاسیان پێشکەش بە (خانەوادەی شیخ حوسێن بەرزنجی) كرد.
شایانی وەبیرهێنانەوەیە سروودی ئەی ڕەقیب سروودێکی بەناوبانگی کوردییە کە بە سروودی نیشتمانیی کوردستان ناسراوە. شێعرەکەی دانراوی شاعیری کوردپارێزەر یونس ڕەئوف ناسراو بە دڵدارە. دڵدار ھۆنراوەکەی لە ساڵی ١٩٣٨دا داناوە. ئەم سروودە بووەتە بەشێک لە چاند و فەرھەنگی نەتەوەی کورد؛ ئەی ڕەقیب سروودی فەرمیی ھەرێمی کوردستانە؛ وەختی خۆیشی سروودی کۆماری کوردستان (مەھاباد) بووە، ساڵی ١٩٤٦.