بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی له‌ شاری هه‌ولێر، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی 20 ملیار دیناری ته‌رخانكرد

سه‌باره‌ت به‌ پلانی پارێزگای هه‌ولێر بۆ وه‌رزی هاوین و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی و كه‌مئاوی، پارێزگاری هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ وه‌رزی هاویندا هه‌ولێر هێشتا له‌ قۆناغی وشكه‌ ساڵیدا ده‌مێنێته‌وه‌. گوتیشی: “بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی وشكه‌ساڵی له‌ شاری هه‌ولێر، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی 20 ملیار دیناری ته‌رخانكرد”.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی پارێزگای هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 25ـی حوزه‌یرانی 2023)، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ پرسی كه‌مئاوی و وشكه‌ساڵی له‌ شاری هه‌ولێر كرد و تێیدا ئاماژەى بەوه‌ دا، كه‌ بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاوی لە سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی رەزامەندى دا به‌ تەرخانکردنى 20 ملیار دینار.

دواتر ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند، راسته‌ زستانی رابردوو بارانێكی زۆر باری، به‌گوێره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كان ئاوی ژێر زه‌وی شاری هه‌ولێر هێشتا له‌ قۆناغی وشكه‌ساڵیدا ده‌مێنێته‌وه‌.

پارێزگاری هه‌ولێر سوپاسی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و خودی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی كرد، كه‌ تێكڕای هه‌موو ئه‌و پڕۆژانه‌ی به‌رزكرانه‌وه‌، ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داوه‌، كه‌ پێكهاتوون له‌ لێدان و چاككردنه‌وه‌ی بیری ئاو.

ئومێد خۆشناو هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “به‌نداوی چه‌مه‌رگه‌ ته‌واو بووه‌ و هه‌روه‌ها به‌نداوی گۆمه‌سپان به‌ رێژه‌ی %40 كاره‌كانی ته‌واو بوون، جیا له‌ دانانی به‌ردی بناغه‌ی به‌نداوی به‌ستۆره‌، كه‌ كاریگه‌ریان بۆ پاراستنی ئاوی ژێر زه‌وی شاری هه‌ولێر هه‌یه‌”.

جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌، پلانی حكومه‌ت به‌و ئاراسته‌یه‌، كه‌ هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری ته‌نیا پشت به‌ ئاوی سه‌ر زه‌وی ببه‌ستن.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هاووڵاتییانی شاری هه‌ولێر له‌ پرسی ئاودا هاوكار نه‌بوونه‌. ده‌شڵێت:” بابه‌تی ئاو بابه‌تێكی مرۆییه‌ و  پێویسته‌ ده‌ستی پێوه‌ بگیرین”.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، بۆ رێگه‌گرتن له‌ به‌فیڕۆنه‌دانی ئاو، به‌منزیكانه‌ رێككار و رێنمایی تایبه‌ت ده‌رده‌چێت و ئیجرائات له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ ده‌كرێت كه‌ ئاو به‌ فیڕۆ ده‌ده‌ن.

رۆژی 24ـی حوزەیرانی 2023، سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی، لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی بەنداوی بەستۆڕە لە سنووری پارێزگای هەولێر رایگەیاند، “سەرەکیترین ئەو سوودانەی ئێمە دەتوانین لەو بەنداوانە وەربگرین، ئەوەیە ئاو گلدەینەوە بۆ مەبەستی بەکارهێنانی خواردنەوە بێت یان کشتوکاڵ، بەڵام هەندێک جار بەنداوە گەورەکان بۆ بابەتی وزە دەتوانن بەکاربهێندرێن، بابەتی کشتوکاڵیش بەهەمان شێوە وەکو ئەوەی باسم کرد”.

گوتیشی: “بۆ بابەتی گەشتیاریش، بەتایبەتی لەم دەڤەرە دەتوانن سوودێکی زۆر لەم جۆرە بەنداوانە وەربگرن.”