400 ملیار دینار لە بەغداوە گەیشت

400 ملیار دیناری دیکە لە بەغداوە گەیشت و وەزارەتی داراییش دەڵێت، بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆران خەرجدەکرێت. 

ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی حوزەیرانی 2023، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، 400 ملیار دینار لە بەغداوە گەییشت و و خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی.

هەمان سەرچاوەی کوردستان24 ئاماژەی بەوەش دا، ئەو بڕە پارەیە بۆ بەردەوامیدان بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆران خەرج دەکرێت.

رۆژی هەینی 23ـی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری خشتەی دابەشکردنی مووچەی ژمارەیەک وەزارەتی دیکەی بڵاوکردەوە. بەگوێرەی خشتەکە سەرجەم وەزارەتەکان بۆ پێش جەژن مووچە وەردەگرن و پڕۆسەی دابەشکردنەکە تا 27ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.

ئیوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو (22ـی حوزەیرانی 2023)، هونەر جەمال، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند، بڕیاره‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ (25ـی حوزەیرانی 2023)، حكومه‌تی عێراق 400 ملیار دینار بخاته‌سه‌ر هه‌ژماری بانكی وه‌زاره‌تی دارایی.

هونه‌ر جه‌مال گوتیشی: له‌ رۆژی شه‌ممه‌وه‌ ئاماده‌كاری بۆ دابه‌شكردنی مووچه‌ی وه‌زاره‌ته‌كان ده‌كرێت، و هه‌وڵده‌ده‌ین پێش جه‌ژنی قوربان هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان مووچه‌ وه‌ربگرن. 

رۆژی پێنجشەممە 15ـی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕی 400 ملیار دینار لە رێگای بانکی رەشید و رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق و رۆژی یەکشەممە 18ی حوزەیرانی 2023، دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار دەستیپێکرد. 

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگێکی مووچەخۆران پێویستی بە نزیکەی 940 ملیار دینارە.