ڕێڕه‌وی نابینایان و خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت له‌سه‌ر شۆسته‌ و شه‌قامه‌كانی شاری هه‌ولێر دروستدەکرێن

چواس خالید – هەولێر

له‌سه‌ر داهات و بودجه‌ی شاره‌وانییه‌كان و داهاتی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان، حه‌فتانه‌ زیاتر له‌ پێنج پڕۆژه‌ ده‌خرێته‌ خزمه‌ت هاووڵاتیان و له‌ حه‌فته‌ی ڕابردووشدا، چه‌ند پڕۆژه‌ی دیكه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ هه‌ولێر و دهۆك، گوژمه‌ی پێویستیان بۆ ته‌رخان كراوه‌ و جێبه‌جێ كراون.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گوژمه‌ی پێویستی بۆ دروستكردنی ڕێڕه‌وی نابینایان و خاوه‌نپێداویستیی تایبه‌ت له‌سه‌ر شۆسته‌ و شه‌قامه‌كانی شاری هه‌ولێر، ته‌رخان كرد. به‌گوێره‌ی فه‌رمانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر خه‌رجكردنی گوژمه‌ی دوو سه‌د و چل و شه‌ش ملیۆن و شه‌ش سه‌د و بیست هه‌زار دینار، بۆ پڕۆژه‌ی دروستكردنی ڕێڕه‌وی نابینایان له‌سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامه‌كانی شاری هه‌ولێر.
بڕی دیاریكراو له‌سه‌ر داهاتی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی خه‌رج ده‌كرێت، كه‌ مه‌به‌ست لێی خزمه‌تكردن و ئاسانكاریی هاتوچۆیه‌ بۆ نابیناكان، تا به‌ ‌سه‌لامه‌تی و ئاسانی بتوانن هاتوچۆ بكه‌ن. دروستكردنی ڕێڕه‌وی نابینایان، له‌ سه‌ر شۆسته‌ی شه‌قامی شاره‌وانی تا چوارڕیانی نیشتمان و قه‌یسه‌ری و قه‌ڵات و شه‌قامی باتا له‌ شاری هه‌ولێر ده‌بێت.
هاوكات به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ چوارسه‌د و حه‌ڤده‌ ملیۆن دینار، ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی ئاو و ئاووه‌ڕۆ له‌ هه‌ولێر جێبه‌جێ ده‌كرێن.
وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، به‌ ئیمزای ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی، له‌ چه‌ند فه‌رمانێكی تایبه‌ت به‌ جێبه‌جێ كردنی پڕۆژه‌ و خه‌رجكردنی گوژمه‌ی پێویست، بڕیاری خه‌رجكردنی بڕی چوار سه‌د و حه‌ڤده‌ ملیۆن و شه‌ش سه‌د و هه‌شتا و شه‌ش هه‌زار و پێنج سه‌د دیناری دا، بۆ جێبه‌جێ كردنی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ له‌ سێكته‌ری ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ سنووری شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری. بڕی دیاریكراو له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٧%ی داهاتی ئاوه‌ له‌ سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاو و ئاوه‌ڕۆی هه‌ولێر، به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێ كردنی ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی درێژكردنه‌وه‌ی تۆڕی ئاو، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی چاڵاو، خاوێنكردنه‌وه‌ی ئاوه‌ڕۆی سندووقی، دابینكردنی لوولە، دروستكردنی ئاوه‌ڕۆی لووله‌یی و هتد…، بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانی به‌ڕانه‌تی له‌ به‌حركه‌، قه‌ته‌وی، هه‌ولێری نوێ، گه‌ڕه‌كی گوڵان، به‌ختیاری، زاگرۆس، ژیان، فه‌رمانبه‌ران، كارێزان و ڕۆشنبیری و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی شاری هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری.
هه‌ر له‌ هه‌ولێر، به‌ گوژمه‌ی زیادتر له‌ سێ سه‌د و حه‌ڤده‌ ملیۆن دینار، شه‌قامێكی ٢٠ مه‌تری جێبه‌جێ كرا.له‌سه‌ر داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر و به‌ گوژمه‌ی سێ سه‌د و حه‌ڤده‌ ملیۆن و چوار سه‌د و حه‌فتا هه‌زار دینار، ده‌ست به‌ قیرتاوكردنی شه‌قامێكی ٢٠ مه‌تری له‌ ناوچه‌ی پیشه‌سازیی باشوور جێبه‌جێ كرا. داهاتی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر به‌ بڕی هه‌شت هه‌زار و سه‌د مه‌تر دووجا قیرتاوكردن جێبه‌جێكرا. هاوكات هه‌ر له‌ حه‌فته‌ی ڕابردوودا، پڕۆژه‌ی قیرتاوكردنی بیست و حه‌وت شه‌قام له‌ دهۆك جێبه‌جێ كرا. گوژمه‌ی پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی پارێزگه‌یه‌ و پێكهاتووه‌ له‌ بیست و حه‌وت شه‌قام و كۆڵان به‌ درێژایی چوار كیلۆمه‌تر له‌ سنووری شاره‌وانییه‌كانی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا، كه‌ به‌سه‌ر په‌رشتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی دهۆك جێبه‌جێ ده‌كرێت.
هه‌ر له‌م حه‌فته‌یه‌دا و له‌چوارچێوه‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری به‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان، گوژمه‌ی زیادتر له‌ هه‌شت سه‌د و حه‌فتا و چوار ملیۆن دینار بۆ پڕۆژه‌كانی خزمه‌تگوزاری شاری هه‌ولێر خەرج كرا. له‌ سێ فه‌رمانی وه‌زاریدا،ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕیاری خه‌رجكردنی بڕی هه‌شت سه‌د و حه‌فتا و چوار ملیۆن و دوو سه‌د و دوو هه‌زار و پێنج سه‌د دینار بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شاری هه‌ولێر دا. بڕی دیاریكراو له‌سه‌ر ڕێژه‌ی ١٥%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێره‌ و به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی كۆنكرێتكردنی شه‌قام له‌ گوندی گرده‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ و دروستكردنی په‌رژین بۆ زبڵخانه‌ی كانی قڕژاڵه‌ و جێبه‌جێكردنی چه‌ند پڕۆژه‌یه‌كی دیكه‌ له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، به‌پێی یاسا و ڕێنماییه‌ داراییه‌كان، ڕه‌زامه‌دنی خه‌رجكردنی دراوه‌.
له‌ سه‌ره‌تای حه‌فته‌ی ڕابردوو، پڕۆژه‌ی ئاوه‌ڕۆی شه‌قامی ٣٠ مه‌تری تا ٦٠ مه‌تری هه‌ولێر جێبه‌جێ كرا. ساڵانه‌ كه‌ له‌وه‌رزی زستان به‌هۆی گرفتی ئاوه‌ڕۆوه‌، له‌ شه‌قامی ٣٠ مه‌تری و ٦٠ مه‌تری هه‌ولێر، باراناو كۆ ده‌بوویه‌وه‌ و گرفتی بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان و مه‌ترسی بۆ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ دروست ده‌كرد، له‌ چاره‌ی ڕیشه‌یدا پڕۆژه‌ی دروستكردنی ئئوه‌ڕۆی شه‌قامی ٣٠ مه‌تری و ٦٠ مه‌تری شاری هه‌ولێر جێبه‌جێ كرا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاو وئاوه‌ڕۆی هه‌ولێری سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار سه‌رپه‌رشتی جێبه‌جێكردنی كرد.