لە ڕۆژانی جەژن دەرگای کوشتارگەکان کراوە دەبێت

لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان، خواست لەسەر کڕینی ئاژەڵی قوربانی زیادی کردووە. لیجنەکانی قایمقامیەت لەسەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان، ڕێکاری توندیان گرتۆتەبەر بۆ سەربڕینی ئاژەڵ و داوا لە ھاووڵاتییان دەکەن بە ھیچ شێوەیەک لەسەر شەقام ئاژەڵ سەر نەبڕن و گوشتی بێ مۆر نەکڕن. مامۆستایانی ئایینییش پەیامی ھۆشیاریی بە ھاووڵاتییان دەدەن.

تا ئێستە ٤ حاڵەتی مردن بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە ھەرێمی کوردستان تۆمار کراون، بەرپرسانی تەندروستییش ھۆشداری دەدەن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە کە بەھۆی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.
بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون، کاری بەشێک لە ئاژەڵفرۆشان، گۆشتفرۆش و کڕیارانی گۆشتی قورس کردووە. بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان، پێش کڕین و فرۆشتنی ھەر ئاژەڵێک دەبێ پشکنینی بۆ بکرێت و بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیییەکە، نابێت ھاووڵاتییان گۆشتی سەر شەقامەکان بکڕن.
ڕۆژی یەک شەممە، ١٨ حوزەیرانی ٢٠٢٣، لیژنەی بینینی مانگی سعودیە مانگی زیلحیجەیان بینی و بەو پێیەش ڕۆژی ٢٧ حوزەیران کە سێشەممەیە، دەبێتە ڕۆژی عەرەفە، ڕۆژی ٢٨ حوزەیران کە دەکاتە ڕۆژی چوارشەممە، دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان.
گوتاری ھەینی، بەشێکی مامۆستایانی ئایینی تایبەت بوو بە قوربانی کردن و پابەندبوون بە ڕێنمایە تەندروستییەکان. پێشنوێژ و وتارخوێنان، جەختیان لەوە کردەوە، پێویستە ھاووڵاتییان قوربانییەکانیان لە کۆشتارگەکان بکەن، چونکە ھەم خاوێنترە، ھەمیش دەبێتە ھۆی خۆپارێزی لە نەخۆشیی و پەتاکان، بەتایبەتی تای خوێنبەربوون. ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: دەبێت ھاووڵاتییان لە کاتی قوربانیکردندا پابەندی ڕێنمایەکانی وەزارەتی تەندروستی بن، ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستە سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵەوە مەترسیدارە و ئیسلامیش لەگەڵ زیان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییدا نییە.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای ھەرێمی کوردستان، چەندین نەخۆشیی مەترسیدار دەرکەوتوون و ڕەنگە ھەموو کەسێکیش ھەستیان پێ نەکات و تەنھا لایەنە پەیوەندیدارەکان و پزیشکان لێیان بگەن، ھەربۆیە دەبێ قوربانیکردن بەپێی ڕێنماییەکانی ئەوان بێت. مامۆستا محەممەد ئێنەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەگەر لە کاتی قوربانیکردندا ھاووڵاتی پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی نەبێت و ھەر کەسێک لە کۆڵان و ماڵی خۆی قوربانی بکات، ئەوە زیان بە خەڵک دەگەیێنێت و دەبێتە ھۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ترسناک، بۆیە پێویستە ھەموو کەسێک ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی لەبەرچاو بگرێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای ھەرێمی کوردستان، ئاشکراشی کرد: قوربانیکردن بۆ ئەوەیە دەستی کەسانی ھەژار بگیرێت و لە برسێتی دوور بخرێنەوە، بەڵام ئەگەر قوربانیکردنەکە لەبری سوود، توشی زیانیان بکات، بێگومان ئەوە مەترسیدارە و ئایینی ئیسلام لەگەڵ زیان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشیدا نییە.
کازم سەعید، کە زیاتر لە ٢٥ ساڵە خەریکی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵە، دەڵێت: چەند نزیک دەبینەوە لە جەژنی قوربان نرخی ئاژەڵ بەرز دەبێتەوە، بەڵام ئەوەش نەبۆتە ڕێگر لەبەردەم کارەکەمان و خواستێکی زۆری لەسەرە و خەڵکێکی زۆر ئاژەڵ دەکڕن.
لیجنەکانی قایمقامێتی لەسەرجەم ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان ڕێکاری توندیان گرتۆتەبەر بۆ سەر بڕینی ئاژەڵ و داوا لە ھاووڵاتییان دەکەن، بەھیچ شێوەیەک لەسەر شەقام ئاژەڵ سەر نەبڕن و گوشتی بێ مۆر نەکڕن. نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندیی ھەولێر، دەڵێت: ھیچ کەسێک بۆی نییە گۆشتی ئاژەڵ بفرۆشێت ئەگەر لە سەربڕخانەکان ئەو ئاژەڵە نەھاتبێت و مۆری سەربڕخانەکانی پێوە نەبێت، بۆ ئەو مەبەستە بەدواداچوونێکی زۆر چڕی شوێنەکانی گۆشتفرۆشی دەکرێت، جگە لە سەربڕخانەکان ھەر کەسێک لە ماڵ و سەرشەقامەکان ئاژەڵ سەرببڕێت ڕێکاری توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.