چەپکەگوڵی وەفا و ڕێز پێشکەش بە (د. ئیبراهیم ئەحمەد سمۆ) کرا

چوارشەممە، ٢١ـی ٦ـی ٢٠٢٣ بەئامادەبوونی بەڕێز فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەحموود محەمەد، ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەربەست لەزگین و زاگرۆس فەتاح ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و دكتۆر سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، چیا ھەركی، یاریدەدەری مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای ھەولێر، قادر قاچاغ، بەرپرسی پەیمانگەی كادیرانی پارتیمان و، ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی، حكومی، پەڕلەمانتار، رۆژنامەنووس، ڕۆشنبیر و ھونەرمەندان، مەڕاسیمی ڕێزلێنان لە نووسەر و ئەكادیمیست (پ. د. ئیبراھیم ئەحمەد سمۆ) لەژێر ناونیشانی “پێنووس لەپێناو مرۆڤایەتییدا” لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو.

سەرەتا «د. سالار عوسمان» بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و لە بەشێكی گوتەكەیدا گوتی: “ئەنجامدانی ئەو چالاكییە رۆشنبیریانە هەموو بەشەکانی كوردستان كۆ دەکاتەوە، كە ئەوەش پێمان دەڵێت: “پارتی دیموكراتی كوردستان، پارتی هەموو دەڤەر و جوگرافیاكانە. ئەوەیشی خستەڕوو: ” ئەم چالاكە ڕۆشنبیریانە لە هەولێرەوە دەگوازینەوە شارەكانی دیكەو بەهەماهەنگی لەگەڵ ئۆرگان و دەزگاكانی بەشی ڕۆشنبیری و لەوێش ئاوڕ لە دوێنێ، ڕابردوو، سەرفرازییەكان، لە قەڵەم و تێكۆشین، لە هزر و ڕوانین و چارسەری سیاسی دەدەینەوە و بەهەموومان دەمانەوێت دەستباری خێر لەگەڵ نیشتیمانێكی ماندوو بگرین كە ئێستا پێیدا تێدەپەڕین.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتیشی: “هەموو ھەوڵی ئێمە ئەوەیە ڕێزلێنان پێشكەشی شەھیدانی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ئەوانەی كۆچیان كردووە بكەین و بەرھەمەكانیان چاپ بكەینەوە، لەپال ئەوەشدا دەمانەوێ ڕێز لە زیندووەكانیش بگرین و، پیان بلێین ئێوە كارەكتەری كارا و خەمخۆری نیشتیمانن. ئەم سەخاوەتی ناساندنە پێمان دەڵێ دەستگرتنی ئەوانەی لە ژیاندان ئەركێكە و پارتی دیموكراتی كوردستان لەوەدا هەمیشە پێشڕەو بووە و بەبەردەوامی نەوەی بە نەوە سپاردووە و نەوەی بە ئەرك سپاردووە و ئەركی بە دەستكەوت سپاردووە و دەستكەوتی بە ڕووناكی بەخشیوە. باسی لەوەیش كرد كە ئێمە ئەمڕۆ ڕێز لە قەڵەمێك دەگرین كە خاوەنی 33 كتێبە، جگە لە باس و توێژینەوەكانیدا، كە بە شانازییەوە یەكێك لەو قەڵەمانەی كە هەموو ژیانی بە بەخشش و بەقەڵەم و بەرەهەم و بە پەیڤ و بە ڕستە بەخشیوە.
د. سالار عوسمان، باسی لەوەیش كرد: “ئێمە لە پاڵ ئەو بوارەی كە پێی دەگوترێت ڕاگەیاندن، بڕوای قووڵمان بەوە هەیە كە ڕۆشنبیری ئەو باڵە نەخشینەیە كە دەتوانێ بفڕێ و ئاسمانەكانی پێبكات و ڕەنگەكان كۆبكاتەوە، بۆیە زۆر بابەخ بەو بوارەش دەدەین”.
پاشان بەڕێز فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەشی وتارێکد وتی: “بەشی رۆشنبیری و ڕاگەیاندن بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە چالاكییانە ئەركی مرۆڤایەتی و نیشتمانی بەجێ دەھێنێ و ئێمە سەرفرازین بەشی لەم شێوەیەمان ھەیە و سەرفرازین خەڵكی وامان ھەیە ئەم بەشانە بەڕێوەببەن، ئومێدی خواست بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بەردەوام بێت لەم چاڵاكییانە لەو ڕێگەیەوە خزمەت بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بكات”.
دواتر چەند گۆرانییەك بە دەنگە گەرمەکەی خاتوو هونەرمەند «ئاڤان عوسمان» پێشکەش کرا، دوای ئەوەش بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیان و کار و بەرهەمەکانی (پ.د ئیبراھیم ئەحمەد سمۆ) پێشکەش بە ئامادەبووان کرا
“پ.د. ئیبراھیم ئه‌حمه‌د سمۆ”ـش، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و لە بەشێكی گوتەكەیدا زۆر سوپاسی بەڕێز فازڵ میرانی كرد بۆ هەمیشە پشتیوانكردنی لە هەموو بوارەكانی تەمەنیدا.
لە کۆتاییشدا خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی (به‌شی ڕۆشنبیری و ڕاگه‌یاندن) له‌لایه‌ن (فازڵ میرانی) پێشكه‌شی (پ.د. ئیبراھیم ئه‌حمه‌د سمۆ) كرا و دواتر هەر یەك لە بەڕێزان فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی و بەڕێزمەحموود محەمەد، ئەندامی دەستەی كارگێڕی و سەربەست لەزگین و زاگرۆس فەتاح ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و دكتۆر سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، چیا ھەركی، یاریدەدەری مەكتەبی ڕێكخستنی پارێزگای ھەولێر، قادر قاچاغ، بەرپرسی پەیمانگەی كادیرانی پارتیمان و چەندین کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیری دیکە چەپکە گوڵی ڕێز و سوپاسیان پێشکەش بە ( پ. د. ئیبراھیم ئەحمەد سمۆ).