وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ناوی بکوژەکە (هـ. ک. ع.)ـە و “لەژێر فشاری لیژنەی ئەمنی چەمچەماڵ” خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ هەینی سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێکدا داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلەی کرد بۆ ئاشکراکردن و رادەستکردنی ئەو کەسانەی دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە.
رەمەک رەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ دوێنێ پێنجشەممە بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە و تەرمەکەش رەوانەی پزیشکی دادی چەمچەماڵ کراوە.
قایمقامی چەمچەماڵ هۆکاری کوژرانی ئەو هونەرمەندە گەنجە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی گەڕاندەوە و گوتی: بکوژەکە هاوڕێی بووە و پێشتر دەمەبۆڵەیان بووە.
هونەرمەند خواناس وریا گلیە (27 ساڵ) دوێنێ پێنجشەممە لەنێو بازاڕی قەزای چەمچەماڵ درایە بەر دەستڕێژی گوللـە و کوژرا.