پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

مەسرور بارزانی: کارگەی چیمەنتۆی دابین رۆڵێکی دیاری دەبێت لە گەشەپێدانی پرۆسەی بیناسازی و بونیاتنانەوەی کوردستان

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەختەوەرم ئەمڕۆ لێرە لەگەڵتان بەشدارم بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، کە کارگەی چیمەنتۆی دابینە و دەبێتە یەکێک لە کارگە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و رۆڵێکی دیاری دەبێت لە گەشەپێدانی پرۆسەی بیناسازی و بونیاتنانەوەی کوردستان.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکیدا گوتی: سوپاسی هەموو لایەک دەکەم، زۆر بەخێربێن، بەخێرهاتنێکی تایبەتی د. شین کوانن فو سەرۆکی پاوەر چاینا و شاندی هابەشی بۆ کوردستان دەکەم، بەختەوەرم ئەمڕۆ لێرە لەگەڵتان بەشدارم بۆ دانانی بەردی بناغەی پرۆژەیەکی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، کە کارگەی چیمەنتۆی دابینە و دەبێتە یەکێک لە کارگە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و رۆڵێکی دیاری دەبێت لە گەشەپێدانی پرۆسەی بیناسازی و بونیاتنانەوەی کوردستان

گوتیشی: دەستخۆشی لە هەردوو کۆمپانیای دابین و پاوەر چاینا دەکەم بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکە و دروستکردنی کارگەکە، هیوادارم ئەم پرۆژەیە وەک بەڵێندراوە بە کوالێتییەکی بەرز لە ماوەیەکی دیاریکراودا تەواو بکرێت و لە دروستکردنیشیدا هەلومەرجەکانی سەلامەتی کرێکاران و ژینگەپارێزی بەرچاو بگیرێت.

سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشکرد: بێگوومان لە قۆناغەکانی دروستکردنی کارگە و لەکاتی دەستبەکاربوونیشیدا، سەدان هەلی کار دەڕەخسێت، کە پێویستە %75ـی دەرفەتەکانی کار لە هەر پرۆژە و پیشەیەکدا، بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت و راهێنان بە کرێکاران و ئەندازیارانی کوردستان بکرێت، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شارەزاییان لەم کارەدا. هەروەها هیوادارین لە دروستکردنی ئەم کارگەیەدا، هەتا دەکرێت بابەتی ژینگەپارێزی و گەرمبوونی زەوی و سنووردارکردنی دەرچوونی گازە پیسەکان لەبەرچاو بگرن.

جەختیشی لەوە کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی کارنامەکەی لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووریدا، بایەخێکی زۆری بە هەردوو کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ دەدات، دەڤەرەکەمان کەرەستەیەکی خاو و سەرەتایی زۆری هەیە، کە دەکرێت ببێتە هەوێنی دروستکردنی زۆر کارگە و بوژانەوەی پیشەسازی و دابینکردنی پێداویستییەکانی بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت هەناردەکانیشی بۆ ناوچەکە.