پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

دوو سزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین دەرچوو

لە دادگای تاوانەکانی هەولێر دووسزای لەسێدارەدان بۆ بکوژی هەردوو مامۆستاکەی زانکۆی سەڵاحەدین دەرچوو، کە لە هاوینی ساڵی رابردوو کوژران.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنجومەنی دادوەری پشتراستی کردەوە، کە تۆمەتباری بکوژی دوو مامۆستاکە ئەمڕۆ دووجار سزای لەسێدارەدان بۆ دەرچوو، روونیشی کردەوە کە لەماوەی مانگێکدا مافی تیاهەڵچوونەوەی هەیە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، 22ی حوزەیرانی2023، دادگەی تاوانەکانی هەولێر، دوو سزای لەسێدارەدانی بۆ تۆمەتبار(ئـ. م. ق) کە بكوژی د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین و د. ئیدریس حەمەخان، پڕۆفیسۆری كۆلێژی ئەندازیاری لە زانكۆی سەڵاحەدین بوو دەركرد.

رۆژی 2022/06/28 قوتابیەك لە زانكۆی سۆران كە پێشتر پێشینەی یاسایی لەسەر بووە، بە چەکەوە هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی دكتۆر (ئیدریس حەمە خان) و چەند گوللـەیەکی پێوە دەنێت و دەیکوژێت، دواتر روو لە كۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین دەکات و تەقە لە د. كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سەلاحەدین دەکات و دوای گواستنەوەی بۆ ژووری نەشتەگەری ئەویش گیانی لەدەستدا، هاوكات پاسەوانێكی كۆلێژەكەش لەو رووداوە بریندار بوو.

هەمان رۆژ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی بازگه‌كان رایگەیاند، بکوژی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان دەستگیرکراوە.

جێگای باسە سزای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان هەڵپەسێردراوە.