فەرماندەی هێزی پشتیوانی 1ی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، بڕیارە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا کاروانێکی چەکی قورس لەلایەن هاوپەیمانانەوە بگاتە دەستی پێشمەرگە.
فەریق سیهاد بارزانی فەرماندەی هێزی پشتیوانی یەك، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “پێویستی زۆرمان بە هاوکاریی هاپەیمانانە و داوایان لێدەکەین زیاتر هاوکاری پێشمەرگە بکەن”.
گوتیشی: “لەسەر فەرمانی سەرۆک بارزانی و بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێزی پشتیوانی یەک بە تەواوی چەک و کەلوپەلی سەربازییەوە لە هێزی 80وە گواستراوەتەوە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە و زیاتر لە دوو ساڵە ئەو پرۆسەیە جێبەجێ کراوە”.
سەبارەت بە گەیشتنی هاوکاری سەربازیی لە لایەن هاوپەیمانانەوە بۆ هێزی پێشمەرگە، فەریق سیهاد بارزانی گوتی: “چەکی سوکمان وەرگرتووە، بەڵام چەکی قورس هێشتا نەگەیشتووە، پێمان گوتراوە لە مانگی ئابی ئەمساڵدا دەگاتە دەستمان”.
راشیگەیاند: “ژمارەی ئەو چەکە قورسانە دیار نییە کە بە دەستمان دەگەن، بەڵام ئەوەی گرنگە هاوکاریی و پاڵپشتییەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوامە”.