سەفین دزەیی: حکومەتی ئێستای تورکیا دەیەوێت زیاتر پەرە بدات بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی حکومەتی تورکیا سەردانی ئەو وڵاتەی کردبوو.

گوتیشی، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی حکومەت و سەرۆککۆماری تورکیا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی هەردوولا، پرسی ئاسایش، ئابووری و وزە کراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، حکومەتی ئێستای تورکیا دەیەوێت پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بدات.

سەبارەت بە کردنەوەی نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە تورکیا، سەفین دزەیی ئەوەی خستەڕوو، چەند ساڵێك پێش ئێستا لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئەو بابەتەیان باس کردووە، دەشڵێت: لەڕووی مەبدەئییەوە رەزامەندی لەسەر وەرگیرا، بەڵام لەڕووی تەکنیکینەوە نەگەیشتە قۆناغی کۆتایی بۆئەوەی بڕیار لەسەر کردنەوەی بدرێت.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: هیوادارین بابەتی کردنەوەی ئەو نوێنەرایەتییە لە تورکیا زیندوو بکرێتەوە و جێبەجێ بکرێت.

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە سەردانی وڵاتانی لوکسمبۆرگ و بەلجیکایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە کۆبوونەوە، بڕیاریشە لە درێژەی سەردانەکەیاندا لەگەڵ بەرپرسانی هۆڵەندا کۆببنەوە.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی بەلجیکا، سەفین دزەیی راگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا و سکرتێری گشتیی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتی بەلجیکا کۆبوونەوە و تاوتوێی چەند بابەتێکیان کرد.

ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەکەدا پێشهاتەکانی ئێستا و لایەنی ئاسایش و بەردەوامبوونی مەترسییەکانی داعش لە ناوچەکەدا، هەروەها بابەتی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرۆسەی هەڵبژاردن لە داهاتوودا تاوتوێ کران.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، بەرپرسانی ئەوروپا پاڵپشتی لە پرۆسەی دیموکراسی دەکەن و لەگەڵ دیالۆگدان بۆ چارەسەرکردنی كێشە و گرفتەکان.

ئەوەشی خستەڕوو، کە سوپاسی حکومەتی بەلجیکایان کردووە لەسەر بەجینۆساید ناساندی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، هەروەها ئاماژەیان بە رێککەوتنی شنگال داوە و داواینکردووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکار بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە، بۆئەوەی خەڵکی ئەو دەڤەرە بتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.