ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق دەكرێت

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 18ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵی وەك رۆژی بەرێوەچوونی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری كرد، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند كە ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە دەست پێ كردووە.
دوێنێ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەمیانی كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، رۆژی 18ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵی، وەك رۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری كرد.
لەوبارەیەوە عیماد جەمیل، ئەندامی تیمی راگەیاندن لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە كە دوای بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكان، ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەستپێكردووە.
عیماد جەمیل باسی لەوەیش كردووە كە لە رۆژی 16ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ، دەنگدانی تایبەت و لە رۆژی 18ی ھەمان ئەو مانگە، دەنگدانی گشتیی لە ھەڵبژارنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجامدەدرێن.
ئاشكراشی كردووە لە رۆژی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا، 47 ھەزار و 755 سندوقی دەنگدان دادەندرێن كە بەسەر 7008 بنكەی دەنگداندا دابەش دەكرێن.
راشیگەیاندووە كە 23 ملیۆن و 367 ھەزار و 81 كەس لە ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا، مافی دەنگدانیان هەیە .
هەر سەبارەت بەم بابەتە نیازی حەمە عەزیز، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەشی ھەڵبژاردنەكانی پارتی بەماڵپەڕی فەرمی پارتی ڕاگەیاند: هێشتا پارتی لەھیچ پارێزگایەكی عێراق خۆی تۆمار نەكردوە بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ لە پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەبچێت جگە لە پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان، بەڵام بەشی ھەڵبژاردنی پارتی خەریكی خۆ ئامادەكردنە بۆ ئەوەی ڕێكارە یاساییەكان بگرینەبەر بۆ خۆ تۆماركردن.

بەرپرسەكەی پارتی دەشڵێت: لە ھەموو ئەو پارێزگایانەی كوردیان تێدایە پارتی لیست و كاندیدی بەھێزی دەبێت، بەڵام بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ خۆ تۆماركردن چەند ڕۆژێكە دەرچووە و ھێشتا كاتمان لەبەردەمدا ماوە.
گوتیشی: ڕاستە كۆتایی ئەمساڵ وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقە، بەگشتی ھێشتا ھیچ ھەنگاوێكی وەھا نەگیراوەتە بەر بۆ دەستپێكردنی ئامادەكارییەكان، ئێمەیش وەك بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەكاتی گونجاو دەست بە ئامادەكاریەكان دەكەین، بەتایبەتی لە ھەردوو پارێزگای كەركووك و نەینەوادا. 
شایانی باسە لە مانگی ئاداری 2023دا، لەمیانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، دەنگ لەسەر ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەكان درا و پەسەند كرا.
بەپێی ھەمواری نوێی یاسای ھەڵبژاردنەكانی عێراق، ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، بەسیستەمی یەك بازنەیی ئەنجامدەدرێت كە ھەر پارێزگایەك دەبێت بە یەك بازنەی ھەڵبژاردن.
ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق، ماوەی 10 ساڵە ئەنجام نەدراوە.
دوایین ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق لە ساڵی 2013دا ئەنجامدرا و لە ساڵی 2019دا، بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران كاری ئەنجوومەنی پارێزگاكان سڕ كرا.