پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی دەگمەنە لە ناوچەکە

ھەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانە بۆ ھەموو پێکھاتەکان، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی گرنگی بە ھەموو پێکھاتەکان دەدات، ئەمەش بۆ وڵاتان گرنگە، وای کردووە پێگەی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەھێزتر ببێت.

لە کابینەی نۆیەم، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، چەندین کۆنفرانس و کۆنگرە و سیمیناری جۆراوجۆر و کۆبوونەوەی لە پارێزگاکان ڕێکخستووە، بە شێوەیەک سەرجەم ئایینەکانی کۆ کردووەتەوە و پەنێڵی ئەکادیمی ساز داوە بۆ زانایانی ئایینی کە ڕاسپاردە و ئەنجامی لەسەر پێکەوەژیان ھەبووە.
لە ھەرێمی کوردستان، ھەشت پێکھاتەی ئایین و ئاینزا ھەن و سەرجەمیان لە چوارچێوەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا مۆڵەت پێدراون و بەپێی یاسا ڕێکخراون و لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەک بە ناوی پێکەوەژیانی ئایینی، چالاکییەکانیان دەکەن.
ھەرێمی کوردستان خاوەنی پێنج ھەزار و ھەشت سەد مزگەوت و سەد و چل و پێنج کەنیسە و چوار سەد شوێنی ئایینیی نێوان ھەموو ئایین و ئاینزاکانە، کە لە کابینەی نۆیەمدا پلانی تۆکمەی ئەندازیاری بۆ نۆژەکرنەوەی ئەم شوێنانە داڕێژراوە.
لە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ی پاراستنی مافی پێکھاتەکان، باسی پێکھاتەکان کراوە تورکمان، کلد-ئاشووریی و سریانی، ھەروەھا پێکھاتە ئایینییەکانیش بریتییە لە مەسیحی، ئێزدی، شەبەک، کاکەیی، فەیلی، زەردەشتی، بەھائی و سابیئە لە ھەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی گەورە ھەیە بۆ پاراستنی مافی پێکھاتەکان، ئەو پاڵپشتییەش لە پراکتیکدا ڕەنگدانەوەی ھەیە.
ڕۆژی یەک شەممە بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆنفرانسی کوردستان لانکەی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە لە ھەولێر دەستی پێکرد. کۆنفرانسەکە لە شاری ھەولێر لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینەوە ڕێکخرا بوو و کاتەکەی ھاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی نێودەوڵەتیی بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق و کینە.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا باسی لەوەکرد، گوتاری ڕق و کینە کاریگەری نەرێنی گەورەی لەسەر ئاشتی و پێکەوەژیان و مرۆڤایەتییە و دژی سەقامگیری کۆمەڵگەیە.
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کوردستان ھەم ئازادی ئاین و ھەم ئازادی خواپەرستیش ھەیە، کە لە زۆرینەی ناوچەکانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەمە بوونی نییە، ھەر بۆیە کوردستان وەک نموونەی پێکەوەژیان بانگھێشتی کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان دەکرێت.
وەحیدە یاقو، ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی گردبوونەوەی گەلی کلدانی سریانی ئاشووریی لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: ھەرێمی کوردستان بە پێکەوەژیان ناسراوە، ھەرێمی کوردستان بۆتە نموونەیەک بۆ عێراق و ھەموو جیھان بۆ پێکەوەژیان، ڕۆژبەڕۆژیش ئەو پێکەوە ژیانە زیاتر دەبێت، ئەو پێکەوەژیانە بۆ ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان زۆر گرنگە، چونکە ئەوە چەندین ساڵە پێکەوەین و ھیچ جیاوازییەک لە نێوان پێکھاتەکاندا نەکراوە و نابێت، ئەوەش بۆ سەرۆک بارزانی و حکوومەتی ھەرێم دەگەڕێتەوە، کە ھەردەم پشتگیری پێکەوەژیان بوونە لە ھەرێمی کوردستان و ھاوکاری ھەموو پێکھاتەکان دەکرێت بەبێ جیاوازی، سەر بڵندین کە ھاووڵاتی ھەرێمی کوردستانین و لێرە دەژین.
وەحیدە، ڕوونیشیکردەوە: عێراق پێچەوانەی ھەرێمی کوردستانە بەردەوام لە عێراق ھەڕەشە لە پێکھاتەکان دەکرێت، ئەوەش وای کردووە لە عێراق ژمارەی پێکھاتەکان ڕۆژبەڕۆژ کەم ببێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کوردستان بەردەوام دەرگای بەرووی پێکھاتەکاندا کردۆتەوە، ئەوانیش دەزانن کە ئەمنیەت لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، پێکەوەژیان ھەیە، پێشمەرگە بەردەوام بەبێ جیاوازی سەروماڵی ھەموو پێکھاتەکان دەپارێزێت، ھەر لەبەر ئەوە دەڵێم پێکەوەژیان لە عێراق نەماوە، ھەموو جیھانیش دەزانێت ھەرێمی کوردستان جێگەی پێکەوە ژیانە و ھەموو پێکھاتەکان لە ھەموو ناوچەکانی عێراق ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن.
ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: مەلەفی پێکھاتەکان لەناو حکوومەتە، وەزارەتی کاروباری پێکھاتەکان ھەیە، دەورێکی باشمان لە گەیاندن و چارەکردنی کێشەی پێکھاتەکان ھەیە، لە ھەمان کاتدا حکوومەتی ھەرێم زۆر گرنگی بە پێکەوە ژیان دەدات، بەرگری لە پێکھاتەکان دەکات، ئەمەش گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، ڕۆژانە چاودێری کێشە و گرفتەکانی پێکھاتەکان دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە بەرگریان لێ بکەین و کێشەکانیان چارە بکەین.