پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پاتریارکی نوێی کەنیسەی رۆژهەڵاتی کۆن گەیشتە هەولێر

دوێنێ ئێوارە، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر پێشوازیان لە مارگۆرگیس سێهەم یۆنان پاتریارکی نوێ کەنیسەی رۆژهەڵاتی کۆن و شاندی یاوەری کرد …
ناوبراو پاتریارکی سەدو دەیەمینەو دوای کۆچی دوای پاتریارك مار ئەدی دووەم، مارگۆرگیس سێهەم یۆنان وەك جێگرەوەی دەست بەکار بوو …
لە دانیشتنێکی دۆستانەدا پارێزگاری هەولێر وێرای پیرۆزبایی کردن وەك پاتریارکی نوێ کەنیسەی رۆژهەڵاتی کۆن، هاوکات جەختی لە پەیوەندی دێرینی نێوان کوردو هاوڵاتیانی مەسیحی کردەوە کە بە نەژاد خەڵکی ئەم کوردستانەن و هێندە لەگەل داب و نەریتەکان تێکەڵ بوونە، ئەستەمە لەیەکتری جیا بکرێنەوە، لە کاتێکدا هەریەکەیان پەیڕەوی تقوسی ئاینی خۆی دەکات و رۆحی ئاشتەوایی باڵی بەسەردا کێشاون..
لەلایەن خۆیانەوە سوپاس و پێزانینیان بۆ هەموو ئەو کارانە دووپاتکردەوە کە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشی مەسیحییەکان دەکرێ …
شایەنی باسە هەریەك لە رامی عۆدیش قائیمقامی عەنکاوە ، ئەمیل ئەستەفیان راویژکاری وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بو کاروباری کریستیانه‌کان و سعود مستو نەجم به‌ریوه‌به‌ری کشتی کاروباری ئیزیدیه‌کان و خالد جەمال ئەلبیر به‌ریوه‌به‌ری گشتی کاروباری کریستیانه‌کان و گۆران محەمەد کەریم ب.نوسینگه‌ی وه‌زیری ئه‌وقاف ئامادەیی پێشوازیەکە بوون.