لە راگەیاندراوەکەی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان هاتووە: “ئەمڕۆ سێشەممە 20/6/2023، کاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی لە رووداوێکی تیرۆرستیدا دەسترێژی گوللە لە کادرێکی ناوەندی باڵای چەمچەماڵ سەر بە یەکێتیەکەمان دەکرێت بەناوی (سەرهەنگ ئەنوەر) لەلایەن دەستێکی ڕەش و نەناسراو هەوڵی تیرۆرکردنی دەدرێت”.
ئەوەش خراوەتە روو: “وێڕای ئیدانەکردن و شەرمەزاری کردنی ئەو رووداوە، داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگاکانی ئاسایش و ئیدارەی شاری چەمچەماڵ دەکەین بەزووترین کات بکەر و داڕێژەری ئەو پیلانە ئاشکرا بکرێت و بدرێتە دادگا، لە ئەگەری کەمتەرخەمی و هێنانەوەی پاساو ئێمە لە یەکێتیی لاوان هەڵوێستی جدی و مەدەنیانە دەگرینە بەر بۆ پاراستنی گیان و شکۆی هەر کادرێک و ئەندامێکی لاوان لەهەر جێگایەک بێت”.
ئاماژە بەوەش کراوە: “جێگای باسە چەندین جارە کادرانی لاوان رووبەڕووی تەنگەژە و گێچەڵپێکردن و ڕەشبگیریی و کۆتا جاریش تیرۆر دەبنەوە لەو سنوورە، کاروانی خزمەتکردنی لاوانی کوردستان لای ئێمە بەردەوامە، بۆیە هیچ شتێک ڕامانناگرێت و نابێتە هۆکاری ترساندن و تۆقاندمان”.