ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆچوون و دیدگای خۆی روونکردەوە، کە دەیەوێت سەرچاوەکانی داهات هەمەچەشن بکات.
جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی لەوەکرد، چەند ساڵێك لەمەوبەر سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە، بیرۆکەی سەردانکردنی ئەم شاندەی ژووری بازرگانی ئەمەریکاش بۆ هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ سەرۆکوەزیران هاتووە.
گوتیشی: لە سەردانی پێشووماندا بۆ هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆچوون و دیدگای خۆی روونکردەوە، کە دەیەوێت سەرچاوەکانی داهات هەمەچەشن بکات، یەکێک لەوانەش پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی بوو.
ئاماژە بەوەشدا، ئەم شاندەی کە هاتوون، نوێنەری چەند کۆمپانیایەکی جیاوازی تێدایە کە یەکەمجارە بێنە هەرێمی کوردستانەوە، چەند کۆمپانیایەکی نێودەولەتیشمان هەیە، کە چەندین ساڵە لێرە کار دەکەن.
ستیڤ لوتس دەشڵێت: لەمیانی سەردانی ئەمجارەماندا، چەند کۆبوونەوەیەکیان بۆ کۆمپانیا نوێ و کۆنەکانیش رێکخستووە، بۆئەوەی لە دەرفەت و هەلەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان تێبگەن.
بە گوتەی جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو کۆمپانیایانەی هاتوون، فرەچەشن بوون، لە بواری تۆو و شێوازی چاندنەوە، تاوەکو دەگاتە چۆنێتی پاراستنی بەرهەمەکان.