ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠ی٦ی٢٠٢٣ بە ئامادەبوونی (دکتۆر سالار عوسمان) بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و (چنار سەعد عەبدوڵڵا)، بەرپرسی بەشی دیراسات و پێگەیاندن، (قادر قاچاغ) بەرپرسی پەیمانگەی كادیران و خانەوادەی شاعیر و سیاسەتمەداری کورد (سامی شۆڕش) و ژمارەیەک لە کەسایەتی ئەدەبی، سیاسی، هونەری و میدیاکار و نووسەران مەراسیمی (وەفایەک بۆ سامی شۆڕش) ساز کرا و تێیدا بەرهەمی (دیوانی سامی شۆڕش) ناسێنرا.
لە سەرەتای مەراسیمەکەدا دکتۆر سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتەیەکی پێشکەش کرد و، وێڕای بە خێرهێنانی ئامادەبووان، گوتی: (سامی شۆڕش) ناوێكی زۆر دیارە لە ناو خەباتی سیاسی، ئەدەبی، شیعر و رۆژنامەوانی، ئەگەر قوناغەكانی ژیان و بەرھەمەكانی (سامی شۆڕش) بخوێنینەوە تێدەگەین كە یەكێك بووە لەو كوڕە بێمرادانەی نەتەوەیەكی بێ دەولەت، پێشمەرگەیەكی عەودال بە ئازادی و یەكێك بووە لەو رۆژنامەنووسانەی بە خەمەوە قەلەمەكەی ھەڵگرتبوو و كادیرێكی سەرڕاستی ڕێبازی بارزانی نەمر بووە، بۆیە ئەمرۆ لێرە ویستمان وەفایەك بۆ سامی سۆڕش بنوێنین.

دواتر کاروان عەبدوڵڵا، بەرپرسی دەزگای موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە کە ئۆرگانێکی سەر بە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی (پ.د.ک)ـە باسی چاپکردنی دیوانی (سامی شۆڕش) ی کرد و تیشکی خستەسەر گرنگی چاپکردنی ئەم دیوانە.
پاشان ئامادەکاری دیوان (سەباح ڕەنجدەر) شرۆڤەی بۆ ناوەڕۆکی دیوانی (سامی شۆڕش) کرد و، بەرچاوڕوونی دایە ئامادەبووان لەبارەی دیوانەکە و گوتی: ئەم دیوانە کاریگەری دەبێت لەسەر دەوڵەمەندکردنی کتێبخانەی ئەدەبی کوردی ڕولی باشی دەبێت.
(فەزیلە شۆڕش) بەناوی بنەماڵەی شاعیر و سیاسەتمەداری کورد (سامی شۆڕش) لەم مەراسیمەدا گوتەیەکی پێشکەش کرد و سوپاسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد کە ئەرکی بە چاپ گەیاندنی ئەم دیوانەی لە ئەستۆ گرتووە و گوتیشی:» ئەمە وەفایە بۆ خەباتی ئەدەبی و سیاسی سامی شۆڕش و ئێمە هەر ئەو چاوەڕوانییەمان لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن هەبوو و ئەم مەراسیمە زۆر دڵخۆشی کردین «.

لەكوتایی مەڕاسیمەكە سوپاس و ڕێزلێنانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشكەشی بنەماڵەی (سامی شۆڕش) كرا.