کچەکەی مەشعان جبووری سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین

کچەکەی مەشعان جبووری رەتیدەکاتەوە خۆی و باوکی هیچ پارچە زەوییەکیان لە شاری هەولێر وەرگرتبێت و جەخت لەوە دەکاتەوە، رێکاری یاسایی دەگرنەبەر.

ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی حوزەیرانی 2023، حەنین جبووری، کچە گەورەکەی مەشعان جبووری، سه‌رۆكی حزبی نیشتمانی عێراق و ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی عێراق راگەیاند، “لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانتارێکی کوردستان گوتوویەتی، ‘من و باوکم پارچە زەوییەکمان لە هەولێر وەرگرتووە’ هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە”.

حەنین جبووری ئاماژەی بەوەش کرد، رێکاریی یاسایی لە بەرامبەر قسەکانی پەرلەمانتارەکەی پێشووی کوردستان دەگرنەبەر و سکاڵا لە دژی تۆمار دەکەن، چونکە وەکو خۆی ئاماژەی پێ دا، “ئەو قسانە بێ بنەمان”.

لەلایەکی دیکەوە، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، “لە هەندێک پەیجی سۆشیال میدیا هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە گوایە لە هەولێر زەوی بە کچی بەرپرسێکی پێشووی عێراقی دراوە بۆ کاری وەبەرهێنان، هەواڵەکە سەر لەبەری دوورە لە راستی”.

لە روونکردنەوەکەی دەستەی وەبەرهێنان هەروەها هاتووە، “ئەو بەڕێزە لە پرۆژەیەکی وەبەرهێناندا کاردەکات وەک بەڵێندەر لەگەڵ چەند ئافرەتێکی دیکە، بۆیە بۆ هەموو لایەک جارێکی دیکە روونی دەکەینەوە کە زانیارییەکان لەبارەی ئەو بەڕێزەوە سەبارەت بە پێدانی زەوی سەرلەبەری ناڕاستە”.

ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ دووشەممە 19ـی حوزەیرانی 2023، عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پۆستێکدا نووسیبووی، مەشعان جبووری پارچە زەوییەکی لەنێو شاری هەولێر وەرگرتووە و کچەکەی، حەنین جبووری سەرپەرشتیی دەکات.