مەسرور بارزانی و وەزیری دەرەوەی تورکیا چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆبوونەوەدان و چەند پرسێک تاوتوێ دەکەن.

بە پێی زانیاریەکانی ماڵپەری هەولێر، کۆبوونەوەکە لە دیوانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیایە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆ لەسەر سێ پرسی سەرەکی دەکەن، کە بریتین لە: پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، پرسی ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوولا و پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و دۆخی سیاسی ناوچەیی بە گشتی.

ئاماژەی بەوەشدا، سەردانەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، لەلایەن چاودێرانی سیاسی لەو وڵاتە بە گرنگ دەزانرێت، بەتایبەتی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسیی و ئابوورییەکان لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیادا.

ئەمڕۆ 20/6/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەخت ، بڕیارە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و بەرپرسانی دیکەی باڵای ئەو وڵاتە کۆببێتەوە، لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا و دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە دەکرێت.