عێڕاق بە ڕقەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکات

گەرمیان گلی ـ هەولێر

پسپۆڕی ئابووری و مامۆستای زانکۆ د. نەسرەت سابیر خۆشناو دەربارەی دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا دەڵێت: دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا جگە لە قازانج، زیانیشی هەیە؛ گەر بەبیرمان بێت پێشتر بەشە بودجەی ئێمە سەدا ١٧ بوو، دوایی کردیانە ١٢.٦، کەواتە ئێمە گەر بە گوێرەی فراوانی هەرێمی کوردستان بێت ئەو پارەیە بەشی ئێمە ناکات، ئێمە زیانمان پێ دەگات.

لەدوای شەڕی داعش کێشەی زۆر ڕووبەرووی هەرێمی کوردستان بووەوە، بازرگانی وەستا، هەناردەکردنمان نەما، بەحکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە زۆری تەنیا بایەخد بە نەوت دەدەن، لە یاسای ئابووریدا هاتووە کە ڕۆژێک دێت نەوت نامێنێت و بیرە نەوتەکان وشک دەکەن، دەبێت زیاتر بایەخ بە سێکتەری کشتووکاڵ و پیشەسازی بدرێت، دەبێت هەناردەکردن زۆر بکرێت و بەرووبوومی زۆر بنێردرێتە دەرەوە.
دەبێت شتێک بکرێت بۆ جێگرەوەی نەوت. شتێک کە گرنگ و بەسوود بێت، بۆیە ئەو بەشە بودجەیەی بۆهەرێمی کوردستان دیاری کراوە زیانی زۆری بۆمان هەیە و تەنیا دەتوانرێت مووچەی پێ بدرێت.
د. نەسرەت، دەربارەی مامەڵەی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو و گوتی: مامەڵەی حکوومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان، وەک خۆیان دەڵێن کوردستان پارچەیەکە لە عێراق، بە بڕوای من هاوبەشی لەناو حکوومەتێک بەو شێوەیە نابێت، ئینجا لێرەدا هەندێک کێشە هەیە گەر بچینە ناو قوڵایی کێشەکان عێراق خەتابارە بەرامبەر هەرێمی کوردستان. مامەڵەی عێراق هەمیشە مامەڵەیەکی رقاوییە بەرامبەر هەرێمی کوردستان، ئەوە هەمووی تۆڵەی ئەو ڕۆژانەیە کە ئێمە بەهێز بووین و نەدەچووینە ژێر فەرمانی ئەوان، بەڵام کە ئێستا ئێمە هەندێک لاواز بووین، ئەوان دەیانەوێت تۆڵەی خۆیان لە ئێمە بکەنەوە.