بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گراند ماجدی مۆڵ کە پرۆژەیەکی بازرگانی کەرتی تایبەتە لە شاری هەولێر کرایەوە.
گراند ماجدی مۆڵ دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر – پیرمام و دەبێتە گەورەترین سەنتەری بازرگانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە لەسەر رووبەری 220 هەزار مەتر دووجا دروستکراوە و لە دوو هەزار و 400 دوکان و یەکەی بازرگانی پێکهاتووە و هەلی کار بۆ هەزار و 700 کەس دەرەخسێنێت و گەورەترین مارکێتیشی تێدایە، هەروەها شوێنی پارکینگی بۆ سێ هەزار و 500 ئۆتۆمبێل کراوە.
گراند ماجدی مۆڵ وەک یەکێک لە پرۆژەکانی هیوا هۆڵدینگ، لقێکی نوێی مۆڵەکانی ماجدییە کە پێشتر دوو مۆلی دیکەشیان لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی کردووەتەوە. هەروەها لە گراند ماجدی مۆڵ، زۆربەی مارکە و براندە جیهانییەکان لقی خۆیان تێدا کردووەتەوە لە جلوبەرگ، جوانکاری، کەلوپەلی ناوماڵ، پێداویستییەکانی رۆژانە، مارکێت، کافێ و رێستورانت و شوێنی یاری منداڵان.
بە کردنەوەی گراند ماجی مۆڵ، شاری هەولێر دەبێتە خاوەنی چەندین مۆڵی بازرگانی کە گرنگترینیان بریتین لە (ماجدی مۆڵ، فامیلی مۆڵ، گۆڵان مۆڵ، تابلۆ مۆڵ، رۆیاڵ مۆڵ، مێگا مۆڵ، راهین مۆڵ، عەنكاوە مۆڵ و هەولێر مۆڵ).
ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کردنەوەی ئەو سەنتەرە بازرگانییە، لە چوارچێوەی پشتیوانییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێت بۆ گرنگیدان بە کەرتی تایبەت و وەبەرهێنان بە ئامانجی زیاتر رەخساندنی هەلی کار و بەرەو پێشبردنی جوڵەی بازرگانی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
هەروەها رۆژی چوارشەممە (14ـی حوزەیرانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، باڵەخانەى کارگێڕی گشتی و لقی سەرەکی نوێی بانکی جیهانی کردەوە. لە رۆژی یەکشەممە (19ـی ئاداری 2023)ـشدا، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێوڕەسمی کردنەوەی هوتێل حەیات ریجینسی و گوڵان مۆڵ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.