ئاسایشی گشتی – هه‌ولێر: سێ تۆمه‌تباری ساخته‌كردنی دراوی دۆلار و دینار ده‌ستگیركران

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ئابووری له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی گشتی – هه‌ولێر، سێ كه‌س به‌ تۆمه‌تی دروستكردنی دۆلار و دیناری ساخته‌ ده‌ستگیرده‌كات.

له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی ئاسایشی گشتی هه‌ولیردا هاتووه‌: دوای به‌دواداچوون و چاودێریكردنی ورد، هێزه‌كانی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی ئابووری له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاسایشی هه‌ولێر، دوای وه‌رگرتنی بڕیاری به‌ڕێز دادوه‌ر، له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی تایبه‌ت و سه‌ركه‌وتوودا، توانیا سێ تۆمه‌تباری سه‌ه‌كی دروستكردنی دۆلار و دیناری عێراقی ده‌ستگیربكه‌ن.

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: دوای ده‌ستگیركردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌، ده‌ستبه‌سه‌ر پاره‌ ساخته‌كان و گشت كه‌لوپه‌له‌كانی ساخته‌كردنی دراو و دوو قاڵبی زێڕ و پارچه‌یه‌كی شوێنه‌وار دا بگرن و پاشان په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ كراوه‌ و ره‌وانه‌ی به‌رده‌م دادگا ده‌كرێن. ئاسایشی گشتی هه‌ولێر هاووڵاتیان دڵنیا ده‌كاته‌وه‌، كه‌ هێزه‌كانیان چاوكراوه‌ن بۆ پاراستنی سه‌رو ماڵیان.