زیاتر لە 800 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژه‌كانی شاری هه‌ولێر خەرجدەکرێت

گوژمه‌ی 874 ملیۆن و 202 هەزار و 500 دینار (874,202,500 دینار) بۆ پڕۆژه‌كانی شاری هه‌ولێر خەرجکرا.

ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی حوزەیرانی 2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، “وه‌زاره‌تی شاره‌وانی له‌ سێ فه‌رمانی وه‌زاریدا به‌‌ واژووی ساسان عه‌ونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بڕیاری دا به‌ خه‌رجكردنی گوژمه‌ی 874 و 202 هەزار و 500 دینار بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ شاری هه‌ولێر.”

وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئه‌و گوژمه‌یه‌ له‌سه‌ر ڕێژه‌ی 15%ی داهاتی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێره‌ و به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كانی كۆنكرێتكردنی شه‌قام له‌ گوندی گرده‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌ و دروستكردنی په‌رژین بۆ زبڵخانه‌ی كانی قڕژاڵه و‌ جێبه‌جێكردنی چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی دیكه‌ له‌ سنووری سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر، به‌پێی یاسا و ڕێنماییه‌ داراییه‌كان ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر خه‌رجكردنی دراوه‌.