پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە دەکرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

چەند ڕۆژێکە وەرزی چنینەوەی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە، ئەمساڵ جووتیاران لە بەرھەمەکانیان ڕازین، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دەدات. سەرۆکی کۆمەڵەی ھەرەوەزی ئاودێر بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵی لە ھەرێمی کوردستان، دەڵێ: کار دەکرێت بۆ ئەوەی پەتاتە ھەناردە بکرێت. بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ، دەڵێن: ئەمساڵ بەرھەمی پەتاتەی کوردستان بۆ چوار سەد ھەزار تۆن زیادی کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە ھەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە سەد ھەزار تۆن پەتاتەیە هەیە .

بەپێی توێژینەوەکان دەرکەوتووە خاک و ئاو و ھەوای ھەرێمی کوردستان زۆر گونجاوە بۆ چاندنی پەتاتە، دەتوانرێت لە ھەردوو وەرزی بەھار و پایزدا بچێندرێت. بەڵام جووتیارانی کوردستان زیاتر لە وەرزی بەھاردا پەتاتە دەچێنن. پەتاتە بەھۆی بەھا خۆراکییەکەی بە یەکێک لە ناسراوترین بەرھەمی کشتوکاڵی دادەنرێت، زۆربەی وڵاتان گرنگی بە چاندن و بەرھەمھێنانی دەدەن، بەم ھۆیەوە پەتاتە لە ڕووی چاندن و بەرھەمەوە، لە دوای گەنم، برنج و گەنمەشامی بە پلەی چوارەم دێت.
بەرھەمی پەتاتەی ھەرێمی کوردستان، پێداویستی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دابین دەکات و ڕەوانەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت، جگە لەوەی دەرفەتی کاری بۆ ھەزاران کەس ڕەخساندووە.
نیشتمانی ڕەسەنی پەتاتە ئەمریکای باشوورە، بەڵام ئێستە بە ھەموو جیھاندا بڵاوبووەتەوە، چاندن و بەرھەمھێنانی پەتاتە بەشێوەیەکی فراوان و زانستانە لە ھەرێمی کوردستان مێژووییەکی درێژی نییە، بۆ یەکەمجار وەزارەتی کشتوکاڵ لە ساڵی ٢٠٠٨ وەک تاقیکردنەوە، پەنجاو یەک تۆن بنەتۆوی پەتاتە لە ھۆڵەندا ھاوردە کرد و بێ بەرامبەر بەسەر جووتیاراندا دابەشکرد، لە ساڵی ٢٠٠٩ چاندنی پەتاتە خرایە لیستی بەرھەمە ستراتیژییەکانی پلانە پێنج ساڵییەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و دەستکرا بە ھاوردەکردنی بنەتۆوی پەتاتە لە ھۆڵەندا و فەرەنسا، دواتر جووتیاران، بە تایبەت لە دھۆک و ھەولێر دەستیان بە چاندنی پەتاتە کرد، چەند کۆمپانیایەک دامەزران دەستیان بە ھاوردەکردنی بنەتۆی پەتاتە کرد، بەوەش چاندنی پەتاتە ڕێچکەی خۆی گرت.
ستراتیجیی کابینەی نۆیەم، بە بازاڕکردنی بەرھەم و بابەتی بە پیشەسازی کردنی بەرھەمە کشتوکاڵییەکانە، بەرھەمی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان یەکێکە لەو بەرھەمانەی ھەنگاوی باشی بڕیوە، زیاد لە پێداویستی ھەرێمی کوردستان بەرھەم ھەیە. ئێستە چەند کۆمپانیایەک لە ھەرێمی کوردستان تۆوی پەتاتە لە ھۆڵەندا بۆ جووتیارانی کوردستان و عێراق ھاوردە دەکەن، نزیکەی ھەزار جووتیار بە چاندنی پەتاتە خەریکن و ساڵانە نزیکەی بیست ھەزار تۆن بنەتۆوی پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان دەچێندرێت.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە سێزدە ساڵی ڕابردوودا بەرھەمی پەتاتە لە دوازدە ھەزار تۆنەوە بۆ چوار سەد ھەزار تۆن زیادی کردووە، واتە بەرھەمی پەتاتە لە ماوەی سێزدە ساڵدا چل بەرامبەر زیاد بووە، وەزارەتی کشتوکاڵ پێویستی ساڵانەی تاکی ھەرێمی کوردستان بۆ پەتاتە بە پازدە کیلۆ دیاری کردووە، ئەگەر ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان شەش ملیۆن کەس بێت، ھەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا پێویستی بە سەد ھەزار تۆن دەبێت، بەو پێوەرە بێت بەرھەمی پەتاتەی خۆماڵی زیاتر لە سێ ھێندە پێویستی ناوخۆیە.
بۆ پاراستن و بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران، ساڵانی ڕابردوو وەزارەتی کشتوکاڵ لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم بڕی دوو سەد و پەنجا تاوەکو شەش سەد دینار ڕەسمی گومرگی دەخستە سەر ھەر کیلۆیەک پەتاتەی ھاوردە، ئەمساڵیش جووتیاران داواکارن باج بخرێتە سەر بەرھەمی دەرەوە، بۆ ئەوەی بەرھەمی ناوخۆ بکەوێتە بازاڕەوە.
بەپێی خزمەت و شارەزایی و جۆری بنەتۆ و خاک و ئاو، بڕی بەرھەمی پەتاتە لە یەکەی ڕووبەر لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت، بەشێوەیەکی گشتی چاندنی یەک تۆن پەتاتە دوازدە تا بیست تۆن بەرھەم دەدات، خەرجی چاندنی ھەر تۆنێک پەتاتە نزیکەی دوو ملیۆن تا دوو ملیۆن و نیو ملیۆن دینار لەسەر جووتیار دەکەوێت، بە ھەزاران جووتیار خەریکی چاندنی پەتاتەن، بە سەدان لەو جووتیارانە جووتیاری نموونەیین، بەھۆی شارەزاییان لە چاندن و خزمەتکردندا، بەرھەمیان زۆرە.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک کارگەی بەرھەمھێنانی چپس کراونەتەوە، ژمارەیەک لەو کارگانە گرێبەستیان لەگەڵ جووتیاران کردووە بۆ چاندنی پەتاتەی پیشەسازی، بۆیە خەریکە لە ھەرێمی کوردستان چاندنی پەتاتەی پیشەسازی پەرەدەسێنێت، ئەمەش سوودێکی گەورە بە ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، چونکە پارە بۆ کڕینی چپس ناچێتە دەرەوە.
زیاتر لە چل جۆر پەتاتە لە ھەرێمی کوردستان ھەن، ھەموو جۆرەکان گونجاون. بەشێکی زۆری ئەو پەتاتەیە بۆ پەتاتەی پیشەسازی دەچێت، فینگەر و چپسی پەتاتەی لێ بەرھەم دەھێنرێت، ئەو کارگانەی لەو بوارە لە ھەرێمی کوردستان ھەن زۆر باشن، بەتایبەتی سێ پڕۆژەیان زۆر گەورەن، کە بەشێکی زۆری بەرھەمیان ھەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێت، لەگەڵ ئەوەی ھەلی کاری ڕەخساندووە، چ بە ڕاستەوخۆ ئەو کەسانەی لەو کارگانە کار دەکەن، چ جووتیارەکان و ئەوانەی کاری گواستنەوە دەکەن.
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: کۆمەڵێک بەرھەم لە سەوزە و میوەی خۆماڵی کە پێداویستیی بازاڕی ناوخۆ دابین دەکەن بۆ ھاوشێوەکانیان کە لە دەرەوە دێن باجیان خراوەتە سەر، تەنانەت لە ھەندێک شوێن قەدەغەی ھاوردەکردنیشیان خراوەتە سەر، ئەوەش بۆ پاراستنی بەرھەمی خۆماڵی و بۆ بەرژەوەندیی جووتیارانی کوردستانە.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دھۆک، دەڵێت: ئەمساڵ جووتیاران گرنگیی زۆریان بە چاندنی پەتاتە داوە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەیەکی زۆریان چاندووە، پار نزیکەی سی ھەزار دۆنم بوو، ئەمساڵ بۆ چل و پێنج ھەزار دۆنم زەوی زیاد بووە، ھەرچی پێویستە ھاوکاری و ئاسانکاری بۆ جووتیاران دەکەین، ئێستە وەرزی پێگەیشتنی پەتاتەیە و دەست بە ھەڵکەندنی کراوە، پێشبینی دەکرێت بەرھەمی ئەمساڵ بگاتە چوار سەد ھەزار تۆن، پەتاتەش ئێستە لە ھەرێمی کوردستان ساخ دەبێتەوە و ئەگەر ساخیش نەبێتەوە، کۆگا ھەن و تێیدا ھەڵدەگێرێت، بۆیە گرنگیدانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ وای کردووە کە جووتیاران زیاتر ھان بدرێن، پەتاتە بچێنن.
بەشار مشیر ئاغا، سەرۆکی کۆمەڵەی ھەرەوەزی ئاودێر بۆ پەرەپێدانی کشتوکاڵی لە ھەرێمی کوردستان، گوتی: کابینەی نۆیەم پشتگیری لە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی دەکات، لەم پێناوەشدا یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و ئیمارات ھەیە بۆ ھەناردەکردنی ھەندێک بەرھەمی کشتوکاڵی بۆ ئەو وڵاتە، کە خواستێکی زۆریان لەسەر بەرھەمی کشتوکاڵی ھەرێم ھەیە، ئەمەش دەرفەتێکی نوێیە و بازاڕێکی دیکەیە بۆ پەتاتە کە ڕێژەی بەرھەمھێنانی زیادی کردووە.