دامەزراندنی بە لێشاو زیانی بە ئابووری

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە دوو دەیەی ڕابردوودا ژمارەی کارمەندانی عێراق زۆر بە خێرایی لە بەرزبوونەوەدا بووە و ئەمەش وای کردووە بەشێکی زۆری داهاتی ساڵانە بۆ مووچە بڕوات. حکوومەتی عێراق دەیەوێت بە تۆمارکردنی بایۆمەتری هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، لە ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی بکۆڵێتەوە و هەوڵ بۆ بڕینی مووچەی ئەوانە بدات کە زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن.

بەپێی پڕۆژەکە، کە لە قۆناغی جێبەجێ کردندایە وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەیەوێت بە تۆمارکردنی سەرجەم کارمەندەکان و پێدانی کۆدێکی تایبەت بە هەر کارمەندێک، ڕێ لە فرەمووچەیی بگرێت و تا ئێستا ٩٠%ی پلانەکەی جێبەجێ کردووە.
عەبدولزوهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوی کردەوە ژمارەی ئەو کارمەندانەی تا ئێستە تۆمار کراون گەیشتووەتە سێ ملیۆن و چوارسەد هەزار کەس. بەپێی نوێترین ئامار کە لە لایەن وەزارەتەکە بڵاو کراوەتەوە توانراوە ٩٠%ی ناوی فەرمانبەرەکان تۆمار بکەن و دوای وردبینیکردنی ناوەکانیان خراونەتە تۆڕێکی تایبەتییەوە.
گوتەبێژەکە ئاماژەی داوە ئەو ژمارەیە کارمەندانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە بەڵام لە پلانیاندایە لە داهاتوودا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بخرێنە هەمان تۆڕ و ناوەکانیان تۆمار بکرێت.
ئەوەی تۆمار کراوە کارمەندانی شارستانین و گوتەبێژی وەزارەتی پلاندادانی عێراق بە پێویستی زانیوە سەرجەم کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و سوپا و هێزی سەربازیش لەو تۆڕەدا تۆمار بکرێن بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییەکی تەواو لەسەر ئاماری مووچەخۆران و فەرمانبەران هەبێت.
دوای تەواوبوونی ئەو پرۆسە، عێراق دەبێتە خاوەنی بانکێکی تایبەت بە زانیاری و تێیدا ناو و ناوی سییانی تەواوی فەرمانبەران، ئاستی خوێندەوارییان، ساڵی دامەزراندن و بڕی ئەو مووچەیەی کە وەری دەگرن لەگەڵ سەرجەم دەرماڵە و زانیارییەکانی تر تۆمار دەکرێن.
١٠%ی کارمەندانی عێراق ماوە ناوەکانیان تۆمار بکرێت و بەو پێیە چاوەڕوان دەکرێ ژمارەی فەرمانبەرانی شارستانی عێراق بگاتە نزیکەی چوار ملیۆن کەس.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێ کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە چوارچێوەی پلانی چاکسازی و تۆمارکردنی بایۆمەتری بە هەزاران کەسی لە لیستی مووچەخۆران سڕیوەتەوە کە بە ناڕەوا مووچەیان وەرگرتووە. کەم نەبوون ئەو مووچەخۆرانەی لە جیاتی مووچەیەک دوو مووچە و تەنانەت سێ مووچەیان وەردەگرت. ژمارەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و دووسەد و پەنجا هەزار دەبێت کە زیاتر لە نیوەی فەرمانبەری شارستانین.
ئەوەی لە پێوەندی لەگەڵ عێراق جێی تێڕامانە ئەوەیە لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق چەندان هێندە زیادی کردووە، هەر بە پێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ بریتی بوو لە ملیۆنێک و سەد هەزار کەس بەڵام ئێستا خەریکە دەگاتە چوار ملیۆن کەس. ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٣ گەیشتە نزیکەی سێ ملیۆن و تەنیا لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا ملیۆنێکی تر زیادی کردووە و ئەمەش پاڵەپەستۆیەکی زۆر زیاتر دەخاتە سەر داهاتی عێراق.
لە ساڵی ٢٠٠٣ بڕی تەرخانکراو بۆ کۆی مووچەخۆرانی عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە بریتی بوو لە دوو تریلیۆن و دووسەد ملیار دینار بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣ بڕەکە خۆی لە شەست تریلیۆن دەدا.
ڕاستە لە هەرێمی کوردستانیش ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بەتایبەتی تا پێش ٢٠١٤ زۆر بە خێرایی زیاد کرد بەڵام دۆخەکە لە عێراق زۆر خراپترە و تەنیا لە ١٠ ساڵی رابردوودا کە لە کوردستان دامەزراندن وەستاوە، لە بەغدا یەک ملیۆن مووچەخۆر زیادی کردووە ئەمە جگە لەو ملیۆنان مووچەخۆرە فەرمییەی هەیەتی بە ملیۆنانی تر لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی و چاودێریی کۆمەڵایەتی و ناونیشانی جیاواز مووچە وەردەگرن و ئەرکی پەرلەمانتارانی عێراقە بە پەرلەمانتارانی کوردەوە لە زۆریی ژمارەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی عێراق بکۆڵنەوە و تەنیا ڕووی دەمیان لە هەرێمی کوردستان نەبێت.