سێ كه‌س به‌ تۆمه‌تی ساخته‌كردنی پاره‌ ده‌ستگیر ده‌كات

هێمن سلێمان، گوته‌بێژی پۆلیسی دهۆك له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، پۆلیسی دهۆك سێ تۆمه‌تباری ده‌ستگیركردووه‌، كه‌ یه‌كێكیان ئافره‌ته‌ و پاره‌یان ساخته‌ كردووه‌، گوتیشی، یه‌كه‌م كه‌س له‌و سێ كه‌سه‌، كه‌ ده‌ستگیر كرا، بڕی 29 هه‌زار دۆلاری ساخته‌ی له‌ ده‌ست بوو و خۆی له‌ شوێنێك شاردبووه‌وه‌، به‌ڵام تیمه‌كانی پۆلیسی دهۆك به‌دواداچوونیان بۆ كرد و دواتر ده‌ستگیریان كردووه‌.

روونیشیكرده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی تۆمه‌تباری یه‌كه‌م ده‌ستگیر كرا، دانی به‌ تاوانه‌كه‌یدا نا و به‌ پۆلیسی گوت، كه‌ دوو كه‌سی دیكه‌یشی له‌گه‌ڵ دایه‌، دواتر تیمه‌كانی پۆلیس له‌ هه‌ڵمه‌تێكدا دوو تۆمه‌تباره‌كه‌ی دیكه‌یشی ده‌ستگیر كرد. گوتیشی، ئه‌و سێ كه‌سه‌ بڕی 570 هه‌زار دۆلاریان ساخته‌ كردبوو و ته‌واوی پاره‌ ساخته‌كه‌یان ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا.

گوته‌بێژی پۆلیسی دهۆك باسی له‌وه‌ش كرد، به‌پێی مادده‌ی 456ـی یاسای سزاكان ده‌ستبه‌سه‌ركراون، سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌یش كه‌ یه‌كێك له‌ تۆمه‌تباره‌كان ئافره‌ته‌ و ته‌مه‌نی هه‌ر سێكیان جیاوازه‌، به‌شێوه‌یه‌ك یه‌كێكیان ته‌مه‌نی 22 ساڵه‌ و ئه‌وانی دیكه‌یش 30 ساڵ و 37 ساڵانن و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانن و دووانیان خه‌ڵكی دهۆكن و یه‌كێكی دیكه‌یشیان له‌ بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی هه‌ولێره‌.