لە شەش مانگدا 250 هەزار گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە کردووە

ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە رۆژانە دێنە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، ئەوان دڵخۆشن بە ئارامی و سەقامگیری شارەکانی هەرێمی کوردستان، تەنها لە ماوەی شەش مانگدا 250 هەزار گەشتیار سەردانی سەرچاوەی زەڵم و ئەحمەدئاوا و هەورامانیان کردووە، کە زۆرینەشیان گەشتیاری عەرەبن.

هالە عەدنان، یەکێکە لە گەشتیارە عەرەبەکان، بۆ بینینی دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە رووی لەو ناوچەیە کردووە، ئەو دەڵێت: “شوێنەکە زۆر جوان و دڵگیرە، بێگومان زۆرینەی خەڵکی بەغدا سەردانی کوردستان دەکەن، سەردانی شارەکانی هەولێر و سلێمانی دەکەن، بە تایبەت تاڤگەی ئەحمەدئاوا، کەشەکە زۆر خۆشە و زۆر لە بەغدا باشترە”.

گەشتیارێکی دیکە بەناوی زوهێرعەبدولجەبار، دەڵێت: “ئێمە لەگەڵ برادەران لە بەغداوە هاتووین، سوپاس بۆ خوا دانیشتووانی سەرجەم پارێزگاکان لێرەین لە کوردستانین، ئاسایش و خزمەتگوزاری فەراهەمە، کەشەکە خۆشە”.