كۆشكی سپی پێشوازی لە بەشداری نێچیرڤان بارزانی ،سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆكانی نێوان قەتەر و عێراق و هەوڵدان بۆ چارەسەر كردنی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر دەكات.
ئادەم هۆدج، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: ئێمە پێشوازی لە سەردانەكەی میری قەتەر شێخ تەمیم بن حەمەد ئالسانی بۆ بەغدا دەكەین و ئەمریكا بە تەواوی پشتگیری لە سەروەری عێراق و سەربەخۆیی و فراوانكردنی پەیوەندییەكان لە ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو و ناوچەی عەرەبی دەكات.
هەروەها گوتی: ئێمە پێشوازی لە پاڵپشتی كارای شێخ تەمیم بن حەمەد سانی، میری قەتەر و محەمەد شیاع سودانی ،سەرۆكوەزیرانی عێراق و سەركردەكانی دیكەی ناوچەكە و گەلی عێراق دەكەین. هەروەها پێشوازی لە بەشداری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین لەم گفتوگۆیانەدا بۆ زیاتر بەرزكردنەوەی هەماهەنگی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستانی عێراق.
شایانی باسە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 15ـی 06ـی 2023 لەسەر بانگهێشتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، لە بەغدا بەشداری لە ئێوارە خوانێكدا كرد كە بۆ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر لە میانی كۆتاییهاتنی سەردانی ئەمڕۆیدا بۆ بەغدا ساز كرابوو.
لە پەراوێزی ئێوارە خوانەكەشدا كە محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەك لە بەرپرسانی قەتەری و عێراقی ئامادەی بوون، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق و میری قەتەر و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەربارەی چەند بابەتێكی جێی بایەخی هاوبەش و دۆخی ناوچەكە، بیروڕایان گۆڕییەوە.
لەو بارەیەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی دیدارەكەی لەگەڵ میری قەتەر لە تویتێكدا راگەیاند: شانازییەكی گەورەیە كە ئەمشەو لە بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و حەلبووسی و خەمیس خەنجەر، چاومان بە شێخ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر كەوت .