سەرۆکی حکوومەت پڕۆسەیەکی گرنگ و نوێی وەبەرهێنان ڕاده‌گه‌یه‌نێت

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی داهاتوو پڕۆسەیەکی گرنگ و نوێی وەبەرهێنان ڕاده‌گه‌یه‌نێت و بەهۆی پڕۆسەکەش هەرێمی کوردستان زیاتر بە جیهانی دەرەوە دەناسێنرێت.

ئەمڕۆ هەینی 16ـی 06ـی 2023 محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان به‌ (كوردستان تیڤی) ڕاگه‌یاند: بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەیەکی گرنگ و نوێی وەبەرهێنان ڕادەگەیەنرێت کە ئاراستە دەکرێت بۆ جیهانی دەرەوە، بۆ ئەوەی ببێتە هۆکارێک کە هەرێمی کوردستان بە جیهانی دەرەوە بناسێنرێت و زیاتر کاری وەبەرهێنانی تێدا بکرێت.

ڕاشیگەیاند: مه‌به‌ست له‌و پڕۆسه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ هەرێمی کوردستان زیاتر بە جیهانی دەرەوە بناسێنرێت و کاری وەبەرهێنانی زیاتری تێدا بکرێت.

محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەنجوومەنی کاروباری بەریتانی – عێراقی، کە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا بەڕێوە دەچێت گوتی: ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ ساڵانه‌ دوو كۆنفرانس ساز ده‌كات و ئێمەش بە نوێنەراتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریمان کردووە.

گوتیشی: ئەنجوومەنی کاروباری بەریتانی – عێراقی پشتیوانیکردنی کاری کۆمپانیا بەریتانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ده‌كات و پێشتریش چەندینجار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و پاڵپشتی کاری بازرگانی و وەبەرهێنان دەکەن.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەختیشی کردەوە کە زه‌مینه‌ی له‌بار‌ بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.