نێچيرڤان بارزانى به‌شدارى له‌ ئێواره‌خوانێكى سه‌رۆک وه‌زيرانى عێراقدا كرد

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 15ـی 06ـی 2023 له‌سه‌ر بانگهێشتى محه‌مه‌د شياع ئه‌لسوودانى، سه‌رۆک وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ، له‌ به‌غدا به‌شدارى له ئێواره‌خوانێكدا كرد كه‌ بۆ مير ته‌ميم بن حه‌مه‌د ئال سانى، ميرى قه‌ته‌ر له‌ ميانى كۆتاييهاتنى سه‌ردانى ئه‌مرۆيدا بۆ به‌غدا ساز كرابوو.

له‌ په‌راوێزى ئێواره‌خوانه‌كه‌دا كه‌ محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسى، سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ژماره‌يه‌ک له‌ به‌رپرسانى قه‌ته‌رى و عێراقى ئاماده‌ى بوون، نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زيرانی عێراق و میری قه‌ته‌ر و سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانی عێراق، ده‌رباره‌ى چه‌ند بابه‌تێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش و دۆخى ناوچه‌كه‌، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ میری قەتەر لە تویتێکدا نووسیویەتی، “شانازییەکی گەورەیە کە ئەمشەو لە بەغدا چاومان بە شێخ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر کەوت لەگەڵ محەمەد شیاع ئەلسوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و حەلبووسی و خەمیس خەنجەر.”

نێچیرڤان بارزانی ڕاشیگەیاند: سەردانەکەی شێخ تەمیم بۆ عێراق جەخت لەسەر پێشکەوتنی بەرچاوی پەیوەندییەکانی نێوان گەلانمان دەکاتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش داوە کە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ قەتەر دەکەین.