شۆڕش غەفوری
بە ئامادەبوونی دەیان بەرپرس و ڕۆشنبیر و هۆگرانی ئەدەب و کتێب، لە هۆڵی ڕاگەیاندنی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێری پایتەخت، مەراسیمێکی گەورە و بەرفراوان بۆ ناساندنی دائیرەتولمەعارفە ٢٥ بەرگییەکەی ڕۆشنبیر و هونەرمەند «د. خوسرەو جاف» بەڕێوە چوو.
سەرەتا «د. سالار عوسمان» بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەخێرهاتنی ئامادەبووانی کرد و گوتی: “ئێمە لە بەرامبەر پیاوێک وەستاوین کە ناوی خوسرەو جافە، لە بەرامبەر شاکارێک وەستاوین کە دائیرەتولمەعارفە. لە نێوان ئەم دوو ئایکۆنە پەی بە جیاوازیی هەردووکیان دەبەین و ئەم جیاوازییە گەر بمانگەیێنێتە داهێنان ئەوا ئەمە بۆ ئێمەی بێ نەتەوە زۆر گرنگە. گرنگتریش لەوە ئەوەیە کە خوسرەو جاف وەک داهێنەر و جیاوازێک لێرەدا کۆمان دەکاتەوە”.
دکتۆر سالار باسی لەوە کرد کە ئەگەر بە سەخاوەتەوە لە خوسرەو جاف بڕوانرێت ئەوا پەی بەوە دەبرێت کە “کاک خوسرەو شاعیرێکی زەریف و نیگارکێشێکی دەستڕەنگاڵەیی و پەیکەرتاشێکی گەورە و نووسەرێکی ماندوویینەناس و پیاوێکی کۆمەڵایەتییە کە هەموومان کۆ دەکاتەوە. دواجاریش پێشمەرگە و ڕێبواری ڕێگەی بارزانی نەمر بووە و ئەمەش یەکێکە لە گەورەییەکانی ئەم ڕۆشنبیر و پیاوە گەورەیە”.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و مەتین بارزانی کرد لەوەی کە پشتیوانی چاپکردنی ئەم بەرهەمە و دائیرەتولمەعارفە بوون.
پاشان بەڕێز کاک فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وتارێکد وتی: “سەرفرازییەکی گەورەیە کە سڵاوی کاک مەسعود بارزنی و کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور و سەرکردایەتی پارتی بە ئێوەی بەڕێز بگەیێنم. شەرت نییە ئێمە لێرەدا هەموومان پارتی یا کورد یا موسڵمان یا عێراقی و کوردستانی بین، گرنگە ئەوەیە هەموومان ئینسان بین، گرنگە لە رووی مەبادئی ئینسانیش یەکێک هەبێت تا کۆمان بکاتەوە، ئیتر هەر کەسێک بایی بەرهەمەکەی خۆی گرنگە لەم چوارچێوەیەدا هەوڵ و کارا بێت. بۆیە باشە کە هەموومان بگەڕێنینەوە بۆ بنەماکانی ئینسانییەت”.
بەڕێز کاک فازل میرانی وتیشی گرنگە بزانین کە کاک خوسرەو هەر لە ساڵی ٦٣وە پێشمەرگە و ڕێبواری ڕێگەی بارزانی بووە و ئەمە و سەرجەم بەرهەم و داهێنانەکانی دەبنە سێبەرێک کە ئێمە و خەڵک ڕێز لەم پیاوە بگرین. دائیرەتولمەعارف، بەرهەمێکی گەورەیە بۆ ئێمەی کورد و عێراق، بۆیە گرنگە بپرسین کە ئاخۆ دائیرەتولمەعارف خوسرەو جاف دەناسێنێت یا ئەمە خوسرەو جافە کە دائیرەتولمەعارف دەناسێنێت. من هەر ئەوەندە دەڵێم خوا تەمەنی درێژ بکات بۆ ئێمە و یەک دونیا سوپاس بۆ سەرۆکی هەرێممان کە سەرۆکێکی ڕۆشنبیر و پاڵشتی ئەم
کارانەیە و سوپاس بۆ کاک مەتین بۆ چاپی دائیرەتولمەعارفەکەی کاک خوسرەو”.
دواتر چەند گۆرانی بەستەیەکی گەرمیانی، بە دەنگە گەرمەکەی هونەرمەند «حەسەن هەیاس» پێشکەش کران.
دوای ئەوەش بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیان و کار و بەرهەمەکانی خوسرەو جاف پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
دواتر خوسرەو جاف دوای سوپاسکردن لە ئامدەبووان، شیعری «قەلەندەرنامە»ی خوێندەوە کە دوای دوو نەشتەرگەرییەکەی دڵی نووسیبووی.
خوسرەو جاف نووسەر و ئامادەکاری دائیرەتولمەعارف، بەرهەمەکەی پێشکەش بە پێنج ناوەند و دەزگای ڕۆشنبیری کرد کە بریتی بوون لە:
یەکەم/ ڕۆژنامەی خەبات
دووەم/ نوێنەری ئەرشیفی پارتی دیموکراتی کوردستان
سێیەم/ ئەکادیمیای کوردی
چوارەم/ یەکێتیی نووسەرانی کورد
پێنجەم/ ئیزگەی دەنگی کوردستان
لە کۆتاییشدا بەڕێزان فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی و مەحمود محەممەد و زەعیم عەلی و سەربەست لەزگین و عەلی حوسین ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و دکتۆر سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و چەندین کەسایەتی سیاسی و ڕۆشنبیری دیکە چەپکە گوڵی ڕێز و سوپاسیان پێشکەش بە د. خوسرەو جاف کرد لە پای ماندووبوونی بۆ نووسین و ئامادەکردنی دائیرەتولمەعارفەکەی.