لەبارەی پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی کاروباری دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کوێستان محەممەد دەڵێت: یەکێک لە پایە گرنگەکان بۆ پاراستنی مافی کرێکاران و دەستەبەرکردنیان بە دیجتاڵکردنی ئەم بەڕێوەبەرایەتیەیە.
کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی راگەیاند، بە پشتیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و بەتایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریان کردووە بۆ پاراستنی مافی کرێکاران.
باسی لەوەشکرد، یەکێک لە کارەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیدانە بە کەرتی تایبەت و کرێکاران، خاڵێكی دیکەش بە دیجیتاڵکردنی حکومەتە.
گوتیشی: ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت ئەو پرۆسەیەی بەسەرکردەوە، کە چۆن پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی کاروباری دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بە دیجیتەڵکردنی ئەرشیفی بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەچێت.
بە گوتەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ئێستا پرۆسەکە لە قۆناغی یەکەم دایە، کە خۆی لە تۆمارکردنی دۆسیەی هەموو کۆمپانیا و کرێکاران دەبینێتەوە، گوتیشی: لە هەرێمی کوردستان 42 هەزار دۆسیەمان هەیە، کە دابەشبوون بەسەر هەولێر، سلێمانی، دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و گەرمیان.
کوێستان محەممەد راشیگەیاند، لە قۆناغی یەکەم لە هەولێر نزیکەی شەش هەزار دۆسیە تۆمار کراون و لە چەند رۆژی داهاتوودا لە سلێمانی، دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و گەرمیان دەستپێدەکات، گوتیشی: ئەگەر پرۆسەکە بەمشێوەیە بەڕێوەبچێت، بە کەمتر لە سێ مانگ تەواو دەبێت و دەچینە قۆناغەکانی دواتر.
وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی پێی وایە، پرۆسەی بە دیجیتاڵکردن و چاکسازی و رێکخستنەوەی کاروباری دەستەبەری کۆمەڵایەتی، دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە بۆ کابینەی نۆی حکومەت و وەزارەتەکەیان.