پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی لە سنووری قەزای ئاکرێ دانا و دەڵێت، “بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش لە داهاتوودا دادەنرێت”. ئاماژەی بەوەش کرد، شاری ئاکرێ زیاتر لە هەموو شارەکانی دیکە فراوانبوونی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی حوزەیرانی 2023، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بەردی بناغەی ژمارەیەک پڕۆژەی رێگا و بان و ئاوی لە سنووری چەند گوندێکی قەزای ئاکرێ دانا و لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کۆی گشتیی گوژمەی پڕۆژەکان سێ ملیار و 734 ملیۆن و 116 هەزار و 750 دینارە و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای دهۆکە.
وەکو ئەوەی پارێزگاری دهۆک باسی کرد، ژمارەیەک پڕۆژەی دیکە لە سنووری ئاکرێ لە داهاتوودا بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت و گوتی، “شاری ئاکرێ لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک و هەرێمی کوردستان، لە هەموو شارەکانی دیکە زیاتر بەرفراوان بووە، ئەم بەرفراوانبوونەش پێویستیی بە دروستکردنی شەقام، کۆڵان، ئاو و کارەبا هەیە.”
عەلی تەتەر گوتی، “لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا کەمتەرخەم نەبووینە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە سنووری قەزای ئاکرێ و زیاتر سەرنجمان خستووەتە سەر قێرتاوکردنی کۆڵانەکان و بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بەپێی ئەو توانا داراییەی لەبەردەستماندایە.”
لەبارەی پردی قەسروک، کە قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش بەیەکەوە دەلکێنێت و مەترسیی وێرانبوونی لەسەرە، پارێزگاری دهۆک گوتی، “رەزامەندی لەسەر دروستکردنەوەی پردەکە کراوە و پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت.”