ئەمڕۆ چوارشەممە 6/14 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، باڵەخانەى کارگێڕی گشتی و لقی سەرەکی نوێی بانکی جیهانی کردەوە.
مەسرور بارزانی لە مەراسیمی کردنەوەی لقی سەرەکی نوێی بانکی جیهان، لەگەڵ کارمەندان و بەرپرسانی بانکەکە کۆبووەوە و بۆ بەشداریکردنیان لە پرۆژەی (هەژماری من) سوپاسی کردن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، تاوەکو ئێستا بانکەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتی کاریان نەکردبوو، بەهۆی نەشارەزایی یان بەهۆی نەبوونی تەکنەلۆجیای پێویست بۆ راییکردنی مامەڵەکان، هەر بۆیە زۆربەی بانکەکان تەنیا شوێنی حەواڵەی پارە بوون.
مەسرور بارزانی رایگەیاند، کۆڵەکەی سەرەکی جوڵانەوەی ئابووری وڵات بانکەکانن، بۆیە ئەوان مەبەستیانە بانکەکانیان بەشێوازێکی نێودەوڵەتی کار بکەن.
بە گوتەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من، دەکرێت پەیوەندییەکی دوولایەنە لەنێوان هاووڵاتیان و بانکەکان هەبێت و، بۆئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بتوانن لە پرۆژە بازرگانییەکانیدا لە خزمەتگوزاریە بانکیەکان سوودمەندبن.
مەسرور بارزانی گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار فەرمانبەری هەیە، ئامانجی ئێمەش لە پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە، لە ماوەی دوو ساڵدا هەموو فەرمانبەران بخرێنە سەر ئەم سیستەمە.
ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا شەش بانک داواکاریان پێشکەشکردووە بۆ بەشداریکردن لە پرۆژەی هەژماری من، کە پەسەند کراون.
بانکی جیھان بۆ پەرەپێدان و تەمویلی ئیسلامی، پرۆژەیەکی وەبەرھـێنانی گرووپی کۆمپانیاکانی جیھانە کە ئێستا کارەکانی تەواو بووە و ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت لقی سەرەکی نوێی بانکەکەی کردەوە.
بە گوێرەی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، %95ـی کارمەندانی بانکەکە خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
بانکەکە دەبێتە سێیەم لق لەسەر ئاستی شاری ھەولێر و دوانزەھەمین لق لەسەر ئـاستی عێراق.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر ئەمڕۆ سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرد و بەشە جیاجیاکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی بەسەرکردەوە.
سەرۆکی حکومەت بە یاوەری کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەشە جیاجیاکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی بەسەرکردەوە، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی کاروباری دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بە دیجیتەڵکردنی ئەرشیڤی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.