مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرد و بەشە جیاجیاکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی بەسەرکردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14/6/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرد و بە یاوەری کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەشە جیاجیاکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەی بەسەرکردەوە، بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی کاروباری دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بە دیجیتەڵکردنی ئەرشیڤی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا رایگەیاند: بەرنامەی حکومەت ئەوەیە هەرچی کرێکارە لە کەرتی تایبەت هەمووان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکرێن.
دەقی وتاری مەسرور بازرانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
سەردانی ئێرەمان کرد بۆ ئەوەی بزانین ئەو پڕۆسەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی چۆن بەڕێوەدەچێت، ئەمە پڕۆژەیەکە بۆ زیاتر گەیاندنی خزمەت بە هاووڵاتییان و بەتایبەتی کرێکاران، کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن، بینیمان کە بە چ شێوەیەک ئەم دۆسیانە، ئەم دۆکیومێنتانە هەموویان لە شوێنی جیاجیا هەن و لەوانەیە ماوەیەکی دوورو درێژ بێت بۆ فەرمانبەرێک بتوانێت کار لەسەر ئەم فایلانە بکات. ئامانج لەم کارە ئەوە بووە کە ئێمە بتوانین هەموو ئەو دۆکیومێنتانە بە دیجیتاڵی بکەین و خزمەتگوزارییەکان ئاسان بکەین، هەم ئاسانکاری بۆ حکومەت بکرێت و هەم بۆ کرێکاران.
بەرنامەی حکومەت ئەوەیە هەرچی کرێکارە لە کەرتی تایبەت هەمووان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکرێن، کە ئەمە دەبێتە هۆکارێکی زۆر بۆ هاوکاریکردن لە حکومەت و لە هەلی کار و یارمەتیدانی هاووڵاتییانیش بۆ ئەوەی روو لە کەرتی تایبەت بکەن، چونکە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوان لە کەرتی تایبەت مسۆگەر دەکرێت و پێویست نییە هەموویان تەنها روو لە کەرتی گشتیی بکەن بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی کە لە داهاتوودا مافەکانیان پارێزراوە. ئەمە ئامانجی سەرەکی حکومەت بووە و ئامانجەکەش ئەوەیە ئێمە بتوانین ئەو رێژەی کە تاوەکو ئێستا دەستەبەری بۆ کراوە کە وابزانم 10%ـە ئەوەی بیستوومە، ئەمە رۆژ بە رۆژ زیاد بکرێت و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانیش چ لە وەزارەتەکان چ لە کەرتی تایبەت هاوکاری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بکەن بۆ ئەوەی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی خۆیان تۆمار بکەن.
ئەمە بێگومان یارمەتییەکی زۆری کرێکاران دەدات لە هەمانکاتدا ئەو پێویستییانەی کە هەیانە بۆ دوای خانەنشین بوونیان ئەمانە هەمووی زەمانەت و گەرەنتی دەکرێت. لە هەمانکاتدا ئەو بەشە پارەی کە کۆدەکرێتەوە، ئەمە باج نییە، یانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەک باج نییە، ئەمە تەنها گەرەنتیکردن و مسۆگەرکردنی داهاتووی ئەو کەسانەیە کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن، ئەمە دەکرێت سوودێکی دیکەشی لێ وەربگرێت، وەبەرهێنانی تێدا بکات و ئەمە یارمەتییەکی زیاتری بووژانەوەی ئابووری کوردستان دەدات.
سەیرمانکردن کە بە چ شێوەیەک کارێکی جیددی تێدا دەکەن، لەسەر ئاستی هەموو کوردستان بیستوومە کە زیاتر لە 40 هەزار دۆسیە هەیە کە کاری تێدا دەکەن، لە هەولێر و پارێزگاکانی تر، دهۆک، سلێمانی، لە ئیدارە سەربەخۆکان، لە هەموو ئەو شوێنانە خەریکن ئەوانەش بخرێنە پڕۆسەکەوە و کارێکی وردە، بەڵام بیستوومە کە لە ماوەی چەند مانگێکی داهاتوودا ئینشائەڵڵا تەواو بکرێن. ئەمە ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ فەرمانبەرانیش بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش هاوکارییەکی زۆر دەبێت.
لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی بەڕێز وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و تیمەکەی بکەم، هەروەها سوپاسی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری بکەم و ئەو تیمەی کە لای خۆشمەوە دەستنیشانمکردون بۆ یارمەتیدان و هاوکاریکردن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە. هیوادارم ئەم پڕۆژەیە و هەموو پڕۆژەکانی تر کە لە بەرنامە و ئەجندای ئەم حکومەتدا هەن لە زووترین کاتدا جێبەجێبکرێن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین خزمەتێکی زیاتری هاووڵاتییان بکەین و ئەو دڵنیاییەی کە خەڵک و کرێکارانیش مەبەستیانە پێیان بدەین.
هەر سەرکەوتووبن. جارێکی دیکە تەمەنای سەرکەوتنان بۆ دەکەم. زۆر زۆر سوپاس.