ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی کۆتا و دواخستنی ھەڵبژاردن گرفتێکی گەورەیە لە بەردەم ھەرێمی کوردستاندا، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: لەگەڵ کۆمیسیۆنی عێراق لە گفتوگۆداین بۆ کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا. وەزیری ھەرێمیش بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، داوا لە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات پرسی کۆتا نەکرێتە بەشێک لە گرژییە سیاسییەکان.
پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشتر و ئێستەش بە ئاشکرا بە لایەنەکانی ڕاگەیاندووە ئامادەن بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان بەھۆی ترسیان لە ئەنجامی ھەڵبژاردن ئامادەنەبوونە ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. دوای دەرچوونی بڕیاری دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە نادەستووریی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، پارتی جەخت لە ھەڵبژاردن دەکاتەوە. دەشڵێ: پرۆژەمان ھەبوو بۆ کردنی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، بەڵام دواجار بە ناچاری و لە پێناو پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بژاردەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانمان پەسەند کرد.
بڕیاربوو ڕۆژی ١-١٠-٢٠٢٢ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای ھەڵبژاردن، پێکھاتەی کۆمیسیۆن و شێوازی کردنی ھەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەییدا، بوونە ھۆکاری دواکەوتنی ھەڵبژاردن.
ڕۆژی ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم ڕۆژی ٦-١١-٢٠٢٢ کۆتایی ھات. بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ڕۆژی ١٨ـی مانگی ١١ـی ئەمساڵ، وەک ڕۆژی کردنی ھەڵبژاردن دیاریکراوە و کەمتر لە شەش مانگیش ماوە بۆ کاتی دیاریکراوی ھەڵبژاردن.
ڕۆژی سێ شەممە، ٣٠-٥-٢٠٢٣، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد یەکێک لەوانە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بوو، دادگەکە بڕیاری دا درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.
لە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ی پاراستنی مافی پێکھاتەکان، باسی پێکھاتەکان کراوە تورکمان، کلد-ئاشووریی و سریانی، ھەروەھا پێکھاتە ئایینییەکانیش بریتیین لە مەسیحی، ئێزدی، شەبەک، کاکەیی، فەیلی، زەردەشتی، بەھائی و سابیئە لە ھەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی گەورە ھەیە بۆ پاراستنی مافی پێکھاتەکان، ئەو پاڵپشتییەش لە پراکتیکدا ڕەنگدانەوەی ھەیە.
یونامی پێشتر لە ٩ی نیسان، دوو پێشنیازی ئاراستەی پارتی و یەکێتی کردووە، یەکەم: پێکھاتەکان بە یەک بازنە بەشداریی ھەڵبژاردن بکەن، یاخود بۆ دەرچوون لەو چەقبەستووییەی بۆ پرۆسەی ھەڵبژاردن دروستبووە یەک کورسی کریستیان و یەک کورسی تورکمان بۆ پارێزگای سلێمانی بێت. پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان دواین بووچونیان لەبارەی دابەشکردنی کورسییەکانیان و بازنەی ھەڵبژاردن داوەتە نەتەوە یەکگرتووەکان و داوا دەکەن، ھەڵبژاردن بۆ پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان یەک بازنە بێت، تەنھا پارتی پشتگیری داواکارییەکانیان دەکات.
دڵشاد شەھاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: بەر لە بڕیاری دادگە، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش چەندین جار ھۆشدارییان دا کە دەبێت ناکۆکییەکان وەلابنرێن و بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان بخرێتە پێشەوەی ھەموو ناکۆکییەکان، لە دوو ساڵی ڕابردوو ھەوڵێکی زۆر درا و چەندین کۆبوونەوە و پەیوەندیی فەرمی و تاکەکەسی و سەرجەم کەناڵە بەردەستەکان خرانە گەڕ، بۆ ئەوەی تووشی ئەم ڕۆژە نەبین؛ ھەر ئەوکاتیش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە ڕوونی ڕایگەیاند لەگەڵ ئەوە نییە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان درێژبکرێتەوە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، دەشڵێ: دەستبەرداری پەرلەمان نابین، بۆیە کاری لەپێشینەی ئێمە ئەوەیە ھەڵبژاردن بکرێت و ھەرێمی کورستان لەو بۆشاییە دەستوورییە ڕزگاری بێت، بۆ ئەوەش ھەموو کارێکی پێویست دەکەین، بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان بۆ پرسی ھەڵبژاردن سەردانی بەغدای کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کردنی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان سوورە لەسەر کردنی ھەڵبژاردن و لە گفتوگۆ بەردەوام دەبێت لەگەڵ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەوەی ڕۆژێک بۆ دەستنیشانکردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکەین، کۆمیسیۆنیش ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ ھەموو ھاوکارییەک، بۆ ئەو مەبەستە بەرپرسانی کۆمیسیۆنی عێراق لە ئاییندەیەکی نزیکدا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەکی دروست بۆ کردنی ھەڵبژاردن.
ئایدن مەعرووف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: بەردەوام داوامان لە لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە پرسی کۆتا نەکرێتە بەشێک لە گرژییە سیاسییەکان و ئەوان ھەمیشە داوایان کردبوو ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت، بۆ ئەو مەبەستە دەبێت پرسی ھەڵبژاردن دووربخرێتەوە لە کێشە سیاسییەکان.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتیشی: ھەر ڕێککەوتنێک لە دەرەوەی ویستی نوێنەرانی پێکھاتەکان بکرێت ھەڵەیە و کاریگەریی باشی لەسەر ڕەوشی پێکھاتەکان نابێت، دەبێت پێکھاتەکان خۆیان لەسەر ئەم بابەتە بڕیار بدەن، چونکە بە ھەبوونی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان وڵاتان زیاتر گرنگی بە پێگەی ھەرێمی کوردستان دەدەن.