بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەشە ناوخۆییەکی نوێ بۆ قوتابیانی زانکۆی سەڵاحەدین دروست دەکرێت

لە چوارچێوەی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، حەوانگە (بەشە ناوخۆیی)ـەکی نوێ بۆ قوتابیانی نیشتەجێی حەوانگەی شەهید شەوکەتی زانکۆی سەڵاحەدین بکرێتەوە کە ئێستاکە ٩٨٪ی کارەکانی تەواو بووە.

بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پرۆژەی دروستكردنی كۆمەڵگەی بەشە ناوخۆیی نوێی سەر بە زانكۆی سەڵاحەدین، ٩٨٪ی کارەکانی تەواو بووە و بڕیارە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن بە ڕووی قوتابیاندا بکرێتەوە.
سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین ڕایگەیاند “بەشەناخۆییەکە تایبەتە بە کوڕان و لەسەر ڕووبەری ٢٤ دۆنم زەویی بە گوژمەی ٢٥ملیۆن دۆلار بنیادنراوە و وتوانای لەخۆگرتنی دووهەزار قوتابی هەیە”.
پرۆژەکە لە چوار باڵەخانەی ٣نهۆمی پێک هاتووە، لەگەڵ كافتریایەکی ٣نهۆمی و هەشت كۆشك و بنكەیەكی تەندروستی و باڵەخانەیەكی كارگێڕی و هۆڵی پێشوازی و هۆڵێكی گەورەیش. ڕووبەری هەر یەكێکیان ٤٠٠ مەتر چوارگۆشەیە و پاركی ئۆتۆمبێل و دوو گۆڕەپانی یاریی بالە و باسكەی تێدایە.
بەرپرسی راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین ئاماژەی بەوەش کرد، بەشەناوخۆییەکە دەکەوێتە ڕووبەری کەمپی زانکۆی سەلاحەدین لە پشت بەشی ناوخۆیی شەهید شەوکەت شێخ یەزدینەوەیە و زۆربەی کارەکانی تەواو بووە، ئەوەی ماوەتەوە کاری ڕاکێشانی کارەبا و ئەساسی ژوورەکانە کە ئەویش لەو دوو مانگەی دابێ تەواو دەبێت.
سامان عەبدوڵڵا وتیشی “بەشەناوخۆیی شەهید شەوکەوت پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە، بۆیە خوێندکاران دەگوازینەوە بەشە ناوخۆییە نوێیەکە تاوەکو ئەوێ نۆژەن دەکەینەوە”.
تەیب عومەر، بەڕێوەبەری ئەندازە و پڕۆژەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، وتی: “پڕۆژەکە لە ڕووی پاراستنی سەلامەتییەوە، سیستەمی ئاگركوژێنەوە و زەنگی ئاگاداركردنەوەیتێدایە و ئینتەرنێت و سیستەمی كامێرەی چاودێریی هەیە و هەموو باڵەخانەكانی ناو پرۆژەكەش بەو سیستەمانەوە بەستراونەتەوە”.
هەروەها وتیشی بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە، زانكۆ و قوتابییانی زانكۆ زۆر سوودمەند دەبن، چونكە ژمارەیەکی زۆر قوتابی لە خۆی دەگرێت. باڵەخانەكەش بە شێوەیەكی زۆر شارستانی دروستكراوە و پێشكەوتووە، ئەگەر بەراوردی بكەین لەگەڵ باڵەخانەكانی دەرەوەی زانكۆ، زۆر خۆشتر و دڵگیرترە، کە ئەمەش خزمەت بە ژینگەی خوێندن دەکات لەناو زانکۆکە.