ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی 06ـی 2023 بە بڕیاری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک گوند دەکرێنە ناحییە، ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لەپێناو زیاتر خزمەتکردنى هاووڵاتییان و گەیاندنى پڕۆژەخزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانى زیاتر بە سنوورە جیاوازەکان و باشتر ڕاییکردنى کاروبارە ئیداریی و کارگڕییەکانى هاووڵاتییان لە فەرمانگەکان و لەسەر خواست و داواکارى زۆر و بەردەوامى هاووڵاتییانى ناوچەکە، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجوومەنى پارێزگاى هەولێر پاڵپشت بە ڕاپۆرتی لیژنەی ناوخۆ و نووسراوی پارێزگای ھەولێر، چەند ناحیەیەکی نوێ لە سنوورى قەزای پیرمام پەسندکران.
پارێزگای هەولێر ئەو گوندانەی کراونەتە ناحییە خستوویەتەڕوو، کە پێکهاتوون لە (ناحییەی کۆڕێ، ناحییەی بناری سەفین، ناحییەی بەستۆرە، لێککردنەوەی ناحییەی دارەشەکران لە قەزای خەبات و بەستنەوەی بە قەزای پیرمام، ھەروەھا دروستکردنی ناحییەی بێستانە لە قەزای بنەسڵاوە)، لەم نزیکانەشدا ڕێکارە ئیدارىی و یاساییەکان دەستپێدەکات بۆ تەواوکردنى کاروبارەکان.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر بەمبۆنەیەوە پیرۆزبایی لە دانیشتووانى ئەو سنوورانە دەکات و ئاماژەی بەوەش داوە کە دڵنیایان دەکەینەوە وەک پارێزگاى هەولێر، هەموو هەوڵێکى خۆمان خستووەتەگەڕ بۆ بەردەوامیدان بە گەیاندنى پڕۆژەى زیاترى خزمەتگوزاریی و خزمەتکردنى هاونیشتمانییانى سنوورى پارێزگاکەمان بە یەکسانى و بەبێ جیاوازى.