هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆدی دامەزراندن ئاراستەی زانکۆکان دەکات

” وەزارەتى خوێندنى باڵا کۆدی دامەزراندنی بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکانى ناوچەکانى دەرەوەى هەرێم ئاراستەى زانکۆکان دەکات “.

وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان خاوەن بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کە دانیشتوى ناوچەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستانن ئاگاداردەکاتەوە، لە ئێستادا دەتوانن کۆدەکانیان لە زانکۆکانی خۆیان وەربگرنەوە کە ژمارەیان (٢٠٧٥) کەسە.

د. توانا نەجەف بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا بە (gov.krd/mohe) ڕاگەیاند: دواى ئەوەى لەماوەى ڕابردوو لەسەر داواى حکومەتى عێراقى، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیستى ناوى سێ یەکەمەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و هەڵگرانی بروانامەی باڵا، دەرچوانى بەشە پزیشکى و تەندروستییەکان کە تاکو ئێستا دانەمەزراون و دانیشتوى پارێزگاکانى دەرەوەی هەرێمى کوردستانن، لە ڕێگەى نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێم لە بەغدا بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق نێردرا. دواتریش ئاراستەى ئەنجومەنى ڕاژەى حکومەتى عێراقى کرا بۆ ئەوەى QR کۆدیان بۆ دروست بکرێت.

بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى وتیشى: لە ئێستادا کۆدى دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان کە ژمارەیان (٢٢٢) دەرچوە و سێ یەکەمەکان کە ژمارەیان (١٨٥٣) سێ یەکەمە و دەرچووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانن و دانیشتوی ناوچەکانى دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، لە وەزارەتەوە نێرداوە بۆ هەریەک لە زانکۆکانیان، بۆ ئەمەش دەرچوان دەتوانن لە زانکۆکانیان کۆدەکانیان وەربگرنەوە.

بەڕێوەبەرى گشتى کارگێڕى و دارایى ڕاشیگەیاند: پێوست ناکات هیچ یەکێک لە خاوەن بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکان بۆ ئەم بابەتە سەردانی وەزارەت بکەن، چونکە کۆدەکانیان لە وەزارەتەوە بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان نێردراوەو دەرچوان دەتوانن لە زانکۆکانیان کۆدەکانیان وەربگرنەوە.