پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

عەرەبی شۆڤێنی بۆ لێدانی هەرێمی کوردستان و وەستاندنی لە گەشەسەندن بۆسەی ناوەتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق پەسند کرا و میدیاکان و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و دامەزراوە و کەسایەتییە سیاسییەکان، بە شێوەی جیاواز لە دەرەنجامەکانی پەسندکردنی بودجە دەڕوانن و ڕای جیاوازیان هەیە؛ بەڵام ئەوەی هەمووان لەسەری کۆکن ئەوەیە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کە زۆرینەیان لە عەرەبی شۆڤێنین، بە پراکتیکی دەستیان بە لێدانی هەرێمی کوردستان کردووە و دەیانەوێت لە گەشەسەندنی بخەن.

هەرێمی کوردستان بە هەموو کێشە و کەم و کورتی و ئەو قەیران و تەنگژانەی بەسەریدا هاتووە و بە هەموو ئەو ڕەخنە و گازندانەیش کە لێی دەگیرێت، ئاوەدانترین و ئارامترین ناوچە بووە لە هەموو عێراق و ئەو گەشەیەی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم کەرتەکاندا بەخۆیەوە بینیوە، عێراقییەکان خەونی پێوە دەبینن. سیمای هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا ئەو جیاوازییەی هەیە کە ئەو داهاتەی دەستی کەوتووە زۆر کەمتر بووە لەو داهاتەی دەستی بەغدا کەوتووە.
کاتێک عێراقییەکان دەبینن هەرێمی کوردستان لە قەیرانەکانیشدا گەشە دەکات و ئاوەدانتر دەبێتەوە، چاویان پێی هەڵنایەت و دەترسن ئەمە شەقامیان زیاتر لێ هان بدات بۆیە بە پیلانەکانیان دەیانەوێت لە لایەک ئەم گەشەیە بوەستێنن و لە لایەکی تر سواری شەپۆلی هەستی شۆڤێنی مێژووییان ببن و بەم شێوەیە شەقامیش کۆنترۆڵ بکەن.
دوژمنایەتییەکەی عەرەبی شۆڤێنیی عێراق دەرحەق بە کورد کە مێژووەکەی بۆ دەیان ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لە جەوهەردا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە، بەڵام لە ڕواڵەتدا ڕەنگی گۆڕیوە، ئەگەر لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بە ئاشکرا دژایەتی مافەکانی گەلی کورد دەکرا و هەوڵی جینۆسایدکردن و لەناوبردنی دەدرا، ئەوا لە قۆناغەکانی دواتردا بە گوێرەی پێگە و دەسەڵات، ڕەنگیان گۆڕیوە. سەیر لەوەدایە گەیشتووەتە قۆناغێک کە بە ئاشکرا خۆیان وەک ڕزگارکەر و برا و هاوبەش لە دەستکەوتەکان و سوودمەند لە خێروبێرەکانی عێراق ڕادەگەیەنن، بەڵام لە ژێرەوە بۆسە دەنێنەوە و هەمان سیاسەتە قێزەونە مێژووییەکەی جێبەجێ دەکەن.
لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان گرنگترین ڕۆڵیان هەبوو لە سەرخستنی ئەو لایەنەی ئێستە دەسەڵاتی عێراقی بەدەستەوە و زۆرینەی پەرلەمانیشی کۆنترۆڵ کردووە. حکوومەتی ئێستەی عێراق حکوومەتی هاوپەیمانێتییە و کورد تێیدا بەشدارە کە هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی گرنگترین پێکهاتەی هاوپەیمانێتییەکە پێکدێنێت.
هەر ئەو هاوپەیمانێتییە بە هەموو هێز و تواناوە هەوڵەکانی خۆی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بچووک بکاتەوە و مافە داراییەکانی کەم و سەرچاوە ئابوورییەکانی وشک بکات. بۆ ئەوە مەبەستە هەر بەوە نەوەستاوە و ڕۆڵێکی زۆر کاریگەری هەبووە لە خۆشکردنی ئاگری ناکۆکیی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و پەرتەوازەکردنی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هەندێک جار تەنانەت خۆی وەک ڕزگارکەر نیشان داوەو و فرمێسکی تیمساحیشیان بۆ گەلی کورد هەڵڕشتووە. هەرچەندە نابێ ئەوە لەبیر بکرێ داریش ئەگەر مۆرەی لەخۆی نەبێت ناقەڵشێت.
بۆ نموونە بەرەبەیانی دووشەممە ئەو رۆژەی بودجەکە پەسند کرا فراکسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەوە ڕێک کەوتبوون کە بەشێک لە پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا جێگیر بکرێت و بۆ دابینکردنی بودجەکەشی سەرچاوەیەکی گرنگیان دەستنیشان کردبوو، بەڵام عەرەبە شۆڤینییەکان بە کۆی دەنگ، ڕەتیان کردەوە.
بەپێی پێشنیازەکە، بودجەکە لە زیادەی داهاتی ئەو چوار سەد هەزار بەرمیل نەوتە دابین دەکرا کە هەرێمی کوردستان بڕیارە ڕادەستی سۆمۆی بکات، بەڵام عەرەبەکان تەنانەت ڕێی خوێندنەوەی پێشنیازەکەشیان نەدا چ بگا بەوەی دەنگی پێ بدەن. ئەم داهاتە هی هەرێمی کوردستانە و لێرەدا نییەتی عەرەبە شۆڤێنییەکان بە تەواوی ئاشکرا دەبێ کە چۆن بۆسەیان لە کورد گرتووە و هەموو هەوڵێکیان ئەوەیە ڕێ لە هاتنی تاکە دینارێکیش بۆ هەرێمی کوردستان بگرن.
گرنگ ئەوەیە هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ئەم جارە ئەزموون وەربگرن و بە هەڵەکانیاندا بچنەوە، چونکە بۆسەکان زۆرن و تاکە شتێک کە دەتوانێت بۆسەکان پووچەڵ بکاتەوە و گەشەی زیاتر بە هەرێم بدات، ئەوەیە ناکۆکییەکان بەلاوە بنێن و دووبارە دەست لە ناو دەستی یەکتر بۆ پێشخستنی کوردستان هەنگاو بنێن.