ڕائیب جادر – هەولێر
دوای چوار ڕۆژ کۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕوپڕی پەرلەمانی عێراق، پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ سێ ساڵ پەسەند کرا. بڕی ئەو پارەی کە بۆ بودجە تەرخانکراوە بۆ ساڵێک سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینارە و شازدە ترلیۆن دینار پشکی ھەرێمی کوردستانە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەڵێت: یاسای بودجە ئەو کارە لەپێشینانەی لەبەرچاو گرتووە کە پەیوەستن بە پێداویستییە سەرەکییەکانی تاک و خێزان و بژێوی ھاووڵاتییان، ڕاشیگەیاند حکوومەتەکەی پێداچوونەوە بەو بڕگانەی یاساکەدا دەکات، کە لە بودجەدا ھەموار کراون و پەسەند کراون.
بڕیارە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ڕەوانەی سەرۆککۆمار بکرێت بە مەبەستی پەسەندکردنی و ناردنی بۆ ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بۆ ئەوەی بکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
بۆ یەکەم جارە لە یاسای بودجەی گشتیی عێراقدا ئەوە بچەسپێندرێت کە ڕۆژانە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێمی کوردستان ڕادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ بکرێت و شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنەری نەوتی ھەرێمی کوردستان بکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی فیدراڵی.
بە بۆنەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمانی عێراق، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی ئاراستەی ھاووڵاتییانی عێراق، سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کرد.
سوودانی، دەڵێ: ئەو بودجەیەی، ئەنجوومەنی وەزیران لە ١٣ـی ئادار دەنگی لەسەر داوە، ئەو کار لەپێشینانەی لەبەرچاو گرتووە کە پەیوەستن بە پێداویستییە سەرەکییەکانی تاک و خێزان و بژێویی ھاووڵاتییان، حکوومەت ھەوڵدەدات خواستەکانیان بەوەی چاوەڕێی دەکەن لە حکوومەت، بەدیبھێنێت لە پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە و ژێرخانی ئابووریدا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەکرد: بە پێشکەشکردنی بودجەی سێ ساڵی، حکوومەتەکەی داکۆکی لەسەر دیدگەی چاکسازی کردووە، ئەم دیدگایە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کارکردن و پەرەپێدان بە داھاتە نانەوتییەکان و پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت دووپاتدەکاتەوە.
دوای پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، فراکسیۆنی پارتی ھەڵوێستی خۆی لەبارەی ھەوڵەکان بۆ جیاکردنەوەی پارێزگایەکی ھەرێمی کوردستان و لەبارەی پەسەندکردنی بودجە ڕوونکردنەوە: چەند بڕگەیەک بە پێچەوانەی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ جیاکردنەوەی پارێزگایەک سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان دژ بەو ھەوڵە وەستانەوە جگە لە فراکسیۆنی یەکێتی، بەڵام سەرجەم ھەوڵەکانی یەکێتی بۆ زیان گەیاندن بە ھەرێمی کوردستان شکستی پێ ھێنرا.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەسەر دەستووریی بوونی قەوارەی ھەرێمی کوردستان کردەوە کە بەرھەمی خوێنی شەھیدان و قوربانییەکی زۆری ئەنفال و کیمیابارانکردنە، دەرچوونی یاسای بودجە لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییانە لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، ھەر چەندە ھەموو خواستەکان بەدینەھێناوە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕاندنی یاساکە بووین کە دەبێتە ھۆی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنی دەچەسپێنێت و بووژانەوەی ئابووری ھەرێمی کوردستان و عێراق.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: لەدوای ساڵی ٢٠٢١، ئەوە یەکەم جارە پەرلەمانی عێراق بودجەی گشتی پەسەند دەکات.
دووبەردانی، دەشڵێ: لەسەر پێشنیازی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی پارتی، ھەردوو ناحیەی زومار و قەحتانیە بۆ سندووقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەشتی نەینەوا زیاد کران. ئەو دوو ناحیە، زۆرینەی دانیشتووانی کوردی ئێزدین و بەھۆی شەڕی داعش زیانیان بەرکەوتووە، لە زیادکردنی ناوچەکانیان بۆ ئەو سندووقە سوودمەند دەبن. لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق پەنجا ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، ئامانج لێی ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی قەزای شنگال و دەشتی نەینەوایە کە بەھۆی ھێرشی داعشەوە زەرەمەند بوونە.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: ھەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان داوای گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەیان دەکرد، فراکسیۆنی پارتی ئیمزای کۆکردەوە و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بە جیددی کاری لەسەر ئەو بابەتە کرد، بەڵام لایەنەکانی دیکەی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی دەنگیان بەو بڕگەیە نەدا و لایەنەکان پابەندی بەڵێنەکانیان نەبوون.
نەھرۆ مەحموود، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، گوتی: ھیچ کێشەیەک لە بڕگەی ھەشتی ماددەی ١٤ی پڕۆژەیاسای بودجەدا نییە، یاساییە و بابەتەکە ئەوە نییە کە لە ڕاگەیاندنەکان باسی دەکەن.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: لە دەستووری عێراقدا باس لەوە کراوە، ھەرێمی کوردستان کیانێکی یاساییە و ناکرێ شوێنێک لە ھەرێمی کوردستان جیا بکرێتەوە یان ھیچ یاسایەک لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بکرێت کە دژ بە دەستوور بێت، بۆیە ئەو بڕگەیە بە مانای پارەدارکردنی سەربەخۆی پارێزگایەک لەلایەن بەغداوە نییە.
نەھرۆ مەحموود، گوتیشی: بە ھیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و بە تایبەتی پارتی قبووڵ ناکات ھەرێمی کوردستان دابەش بکرێت، بۆیە ئەو بابەتە لە ڕوانگەی ئێمەوە ھیچ مەترسییەکی تێدا نییە، لەبەر ئەوەی دەستوور ئەوە قبووڵ ناکات، ڕەنگە بۆ لایەنە شیعەکان دەسکەوتێک بێت، بەڵام لە ڕووی یاساییەوە ئەو بڕگەیە جێبەجێ ناکرێت، مەگەر ئەوەی کە شیکردنەوەی ”تفسیر”ی بۆ بکرێت، ماددەکانی ١٢، ١٣ و ١٤ لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا دەنگیان لەسەر دراوە، زۆر گەشبینم دۆخی ھەرێمی کوردستان زۆر بەرەو باشی دەچێت و دۆخی ئابوورییەکەی دەگەشێتەوە.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: دڵنیاین لەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، لە ھەوڵەکانی بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان ھیچ درێغییەک ناکات، بۆیە چاومان لەسەر حکوومەتەکەی محەمەد شییاع سوودانییە دەبێت ئەرکەکانی خۆی بەپێی یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق جێبەجێ بکات، ھیوادارین لە ئاست چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستاندا بن.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕوونیشیکردەوە: ھەموو ئەوەی لەم ڕۆژانەدا ڕووی دا، لە مێژوو و یادگەی گەلی کوردستاندا دەمێنێتەوە، ئەوانەی لەگەڵ ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستاندا بوون و ئامادە نەبوون لەبەر پێکەنینێکی شۆڤێنییەکان سازش لە مافەکانیان بکەن، بە سەربەرزی ناویان تۆمار دەکرێ، خۆفرۆشان و ئەوانەشی کە ھەر ڕۆژەو ڕێگەیەک بۆ تەسلیمکردنەوەی کوردستان دەگرنەبەر، ھەر بە ڕووڕەشی ناویان دەھێنرێت، جێی خۆیەتی ھەمووان وتە بەھادارەکەی ڕابەر و سەرۆک بارزانی لەبیر بێت کە بە لای ئێمەوە، کوردستان نەک ھەر ھێڵی سوورە، بەڵکو ھێڵی مەرگە و یان کوردستان یان نەمان، بۆیە دوژمنانمان ھەرچەندە بەھێز بن و ھەرچەندە خۆفرۆشانی ناوخۆییشیان لەگەڵدا بێت، ئەرکی ئێمە پاراستن و بەرگریکردنە لە کوردستان و لەم ڕووەشەوە دەڵێین، سەربەرزانە بەڵێنی خۆمان بردووەتە سەر.
فراکسیۆنی پارتی، پێشنیازێکی نوێ لەبارەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان دایە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی بە ڕێژەی ١٢% بە ھاوبەشی لەنێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و عێراق بگەڕێندرێتەوە بۆ فەرمانبەران. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: بڕگەی پاشەکەوتی مووچە دەنگی پێویستی ئەندامانی پەرلەمانی بەدەست ھێنا، بەڵام بە وردی سەرنج نەدراوە و بۆیەش قبوڵ نەکرا، لە ڕێگەی کامێراکانی ناو ھۆڵی پەرلەمانەوە تەماشای دەنگدانەکە دەکەینەوە، کە پێمانوایە دەنگی پێویست بۆ پەسەندکردنی بڕگەکە ھەبووە و سەرۆکایەتی پەرلەمان قبوڵی نەکردووە.