سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مەسرور بارزانی و وەزیری تەندروستی ئوردن کۆبوونەوە

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فیراس ئەلهەواری وەزیری تەندروستی ئوردن و شاندێکی یاوەری کۆبووەوە.

لە راگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، وەزیری تەندروستی ئوردن، سڵاو و رێزی شا عەبدوڵلای دووەم، شای ئوردنی بە مەسرور بارزانی گەیاندووە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هەموو هاریکاری و هەمانگییەک لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان نیشانداوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا ئاماژەیان بە پەیوەندی مێژوویی و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و ئوردن دا و، سەرۆکی حکومەت سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاریکاریی و پشتیوانیی بەردوامیی ئوردن و بە تایبەتی شا عەبدوڵلا  لە هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە .

لەو دیدارەدا، تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بوو لە بواری تەندروستی و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی شانشینی ئوردن.