ئەمڕۆ دووشەممە 12/6/2023، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیدار و هەفتەی تەندروستی کوردستانی – ئوردنی، لە هەولێر دەستیپێکرد.
لە سەرەتای دیدارەکەدا د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوەدا “لە ماوەی رابردووشدا وڵاتی ئوردن هاوکار و پاڵپشتی گەورەی هەرێمی کوردستان بووە بەتایبەتی لە کەرتی تەندروستی بووەتە هاندەرێک باش بۆ ئێمە”.
وەزیری تەندروستی، راشیگەیاند “چەندین کێشە و گرفت لە بواری تەندروستی هەن، بەتایبەتی بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە حکومەت و وەزارەتی تەندروستی عێراق دەکەین زیاتر پاڵپشتی کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان بکەن”.
ئەوەشی خستەڕوو: “لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوەکان بۆ چاکسازی لە کەرتی تەندروستی دەستیپێکردووە”.
سامان بەرزنجی، گوتی: “بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، وڵاتی ئوردن متمانەی بە نۆ نەخۆشخانەی هەرێمی کوردستان بەخشیوە، بۆ ئەوەی وەکو سەنتەری راهێنان و پسپۆری بناسێنرێن”.
د. ساڵح ئەلحەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق، لە دیدارەکە بەشدارە وتارێکی پێشکەشکرد و پیرۆزبایی لە هەرێمی کوردستان کرد بۆ رێکخستنی ئەو دیدارە لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی تەندروستی، گوتی: “بەهۆی ئەو نەخۆشیانەی لەم دواییەدا رووبەڕووی جیهان بوونەتەوە، وایکردووە هاوکاری و هەماهەنگی باشتر لە کەرتی تەندروستی هەبێت”.
گوتیشی: “لەم کابینەی حکومەتی عێراق ئەولەویەت بۆ کەرتی تەندروستی دانراوە، کاریشمان لەسەر کردنەوەی نەخۆشخانەی زیاتر کردووە”.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا فیراس ئەلهەواری، وەزیری تەندروستی ئوردن لە وتەیەکدا رایگەیاند، کە خۆشحاڵە لە هەولێر بەشداری لەو لوتکەیە دەکات، بۆ پەرەپێدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئوردن لە کەرتی تەندروستی”.
وەزیری تەندروستی ئوردن، گوتی: “ئێمە لە چەندین کەرت لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار دەکەین، لەسەر فەرمانی شا عەبدوڵڵای دووەم شای ئوردن، لە کەرتی تەندروستیش پەرە بە پەیوەندییەکانمان دەکەین، ئێمە ئامادەیمان هەیە بۆ لە کەرتی تەندروستی پاڵپشتی و هاوکاری هەرێمی کوردسان بکەین و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بکەین، هەر لەو چوارچێوەیەشدا دەتوانین ئاسانکاری زیاتر بکەین بۆ ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەیانەوێت بۆ چارەسەری پزیشکی سەردانی ئوردن بکەن، لیژنەیەک دروستکراوە بۆ چاودێریکردنی ئەو نەخۆشانەی سەردانی ئوردن دەکەن تا ئەوکاتەی دەگەڕێنەوە چاودێریان دەکرێت، هەروەها پزیشکەکانمان بەردەوام سەردانی نەخۆشەکان دەکەن لەو ماوەیەی کە لەوێ دەمێننەوە”.
جەختیکردەوە، وەکو ئوردن دەیانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکان بدەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە کەرتی تەندروستی.