وەزارەتی دارایی و ئابوری حکوومەتی هەرێمی کوردستان:دەسەڵاتدارانی ئێستەی عێراق بەنەفەسی دژایەتی و بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن

ڕاستیەک هەیە کە کەس ناتوانێت سیستەمی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان لە گەندەڵی سیاسی و ئیداری و دارایی و یاسایی بەدەر بکات، هەربۆیە بەرنامەی چاکسازی ڕاگەیاندوە بەڵام نابێت هیچ کات ڕێگە بەوە بدرێت بابەتی گەندەڵیی سیاسی و بەڕێوەبردن تیکەڵ بەمافە دەستووری و یاسایی و نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت.

هەموو ئەو دەستکارییانە کە لەو بڕگە دو مادانەی پرۆژە یاسای بودجەید عێراقدا کراون کە تایبەتن بە دەسەڵات و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی دەستوور و هەموو ئەو بڕیار وڕێکەوتن ولێکتێگەیشتنانەن کە لەپێش پێکهێنانی ئەم کابینەیەی حکومەتی عێراق لە نێوان هەرێمی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی ئیمزا کراون و دواتر لە بەرنامەی وەزاری کابینەکە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لە سەر درا و دواتریش ڕێکەوتنی وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێمی بەدوادا هات و دواین ڕێکەوتنیش لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕۆژی ٤ نیسانی ٢٠٢٣ بەئامادەبونی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا، ئیمزا کرا.
هەر لەسەرەتای ڕەوانەکردنی پرۆژە یاسای بودجە لە حکومەتەوە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق لە هەموو ئەو ڕێکەوتنانە پەشیمان بوونەوە کە بەدرێژایی ئەو ماوە زۆرەی دانوستان لە نێوان هەردولا کرابوون.
ئەوەش ئەو ئەنجامەی دەرخست کە دەسەڵاتدارانی ئێستەی عێراق بەنەفەسی دژایەتی و بچوککردنەوەی هەرێمی کوردستان کار دەکەن، ئەوەش درێژکراوەی هەمان سیاسەتی شۆڤێنیانەی ڕژێمی پێشووی عێراقە و بەردەوامیی سیاسەتێکی هەرێمییە بەرامبەر بە دۆزی کورد.
بەهۆی سەپاندنی ئەو هەموو کۆت و بەندو بارگرانییە زاڵمانەوە دۆخێکیان بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپاندووە کە بەهیچ جۆرێک مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتی هەرێمی کوردستان وەک هاووڵاتیەکی عێراقی نەکراوەو ئەوەش کارێک دەکات کە حکومەتی هەرێم بەگشتی و وەزارەتی دارایی نەتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکاتل؛ بۆیە، سەرکۆنەی هەموو ئەو گۆڕانکارییە ستەمکارانەیە دەکەم بەتایبەت دوای ئەوەی زۆربەی تێچوی نەوت و گواستنەوە و قەرزی (تی بی ئای) ….هتد بەبێ تەرخان خراوەتە سەر پشکی کوردستان.
بەداخەوە جارێکی تر بەهۆی ناکۆکی و دووبەرەکیی ناوماڵی کورد و بەهۆی مزایەدەیەی سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستییەوە نەتوانرا کێشە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ململانێ سیاسی و حزبی و پۆپۆلیستیەکان جیا بکرێتەوە.
ئەو کەش و هەوا ناتەندروستەی لە ئێستادا دروست بووە و دۆخێکی بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاندووە هاوتای ئەنفالێکی ترە و ئۆباڵەکەی ئەگەر جاران بەتەنیا لە ئەستۆی حزبەکانی دەسەڵات بوبێت، ئەوا لەمەودوا لەئەستۆی هەموو ئەو حزب و هێزو لایەنانەیە کە دەنگیان بە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق داوە.
و ئۆباڵی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگە ئابووریی و داراییانەی کە لەمەودوا بەرۆکی حکومەتی هەرێم دەگرێت لە ئەستۆی ئەوان و حکومەتی عیراقدایە.
خۆزگە ئەو هێزو لایەنانەی ناو پەرلەمانی عێراق کە بەناوی شەفافیەت و یەکسانییەوە ئەو هەموو کۆت و بەندانەیان بەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی سەپاندووە تەنها لە ١٠/ یان بەرامبەر خۆیان لە عێراق جێبەجێ بکردایە، هەر هیچ نەبێت لە ١٠ ساڵی ڕابردودا بۆ یەک جاریش حساباتی خیتامیان ڕەوانەی پەرلەمان و دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بکردایە، بیانتوانیانە ژمارەی سەکۆ نایاساییەکانی بارکردنی نەوتیان سنووردار بکردایە و چارەنووسی ملیاران دۆلارە دزراوەکەی عیراقیان دیاری بکرایە. سەرەڕای ئەوەی کە ڕۆژانە، سەدان هەزار بەرمیل نەوت دەبرێت و داهاتەکەی ناگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی و هەموو گەلی عێراق بە هەرێمیشەوە، لێ ی زەرەرمەندە و ئەگەر پێچەوانەکەی بکرایە سەرەڕای دەستخۆشی ئەو کاتە هەر فشارێکیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەبوایە لێکدانەوەی شۆڤێنیمان بۆ نەدەکرد.
خۆزگە بۆیەکجاریش پەرلەمانتارانی کوردم لە بەغدا دەبینی تەنها ڕویان لە هەرێم نەبووایە و ئاوڕێکیان لە عێراقش بدایەتەوە تا بزانن ئاخۆ گەندەڵیی لێ یە؟

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری