دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

ڕووداوەکانی بەغدا لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا نین

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لەگەڵ بەردەوامبوونی خوێندنەوەی مادە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، خەڵکی هەرێمی کوردستان بە تاسەوە چاوەڕوانی نوێنەر و پارتەکانیان دەکەن بتوانن زۆرترین دەستکەوت دەستەبەر بکەن، بەڵام ئەوەی لە بەغدا ڕوو دەدات لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکدا نییە. خەڵک چاوەڕوان بوون ناکۆکییەکان نەگەنە بەغدا و لەوێ لایەنەکان بە یەکەوە شەڕی دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد بکەن بەڵام ئەمە نەهاتووەتە دی.

خەڵکی کوردستان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێی میدیاکانەوە ئەوەی لە نوێنەرایەتی کوردیان لە بەغدا بینی دووبارەبوونەوەی تایبەتمەندییەکی مێژوویی کورد بوو و وا پێ دەچێت ئەو تایبەتمەندییە بە باڵای کوردەوە دورابێت کە بریتییە لە نەبوونی یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی بۆ پرسە نیشتمانییەکان و تەنانەت دەستتێکەڵکردن لەگەڵ نەیارەکان بە بێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان.
وەک ئاشکرایە پڕۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق کە نزیکە لەوەی بە تەواوی پەسند بکرێت و بە فەرمی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە دوو لاوە گرنگی هەیە یەکەم لەبەر ئەوەی ئەو پڕۆژەیاسایە بۆ سێ ساڵ نووسراوە و تا کۆتایی ٢٠٢٥ لە چوارچێوەی ئەم یاسایەدا کاروباری پێوەندیدار بە خەرجکردنی پارە و داهات و پڕۆژەکان بەرێوە دەبرێن و لە لایەکی تر قەبارەی بودجەکە زۆرە و دەرفەتی ئەوەی تێدابووە زۆرترین سوودی لێ وەربگیرێت و بەهۆیەوە هەرێمی کوردستانی پێ ئاوەدانتر بکرێتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر بە پشتبەستن بەو داهاتەی لە فرۆشتنی نەوت دستەبەری دەکرد مووچەی دابین دەکرد و لە هەمان کاتدا بەشێک لە پڕۆژەکانیش جێبەجێ دەکران و دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستانی بەرێوە دەبرد. دۆخەکە لە دوای ٢٥ی ئادارەوە لە ژێر کاریگەریی دەرچوونی بڕیارێکی دادگای بازرگانی فەڕەنسی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، حکوومەتی تورکیا بڕیاری دا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بوەستێنێت. لەو کاتەوە زیاتر لە دوو مانگ و نیو تێدەپەڕێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە نەوتەکەی بفرۆشێت و بەمەش بە ملیاران دۆلار زیان بەر هەرێمی کوردستان و عێراق کەوتووە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە و کردنەوەی دەروویەکی نوێ، لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوت و چارەسەرێکی ناوەند بۆ پرسی بەڕێوەبردنی نەوت و داهات و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکان و سەرجەم ئەرک و مافەکان دۆزرایەوە.
ئەوەی لەو دۆخەدا دەیتوانی ویستەکانی کورد بەگوێرەی هەمان رێککەوتن بچەسپێنێت هەبوونی هاوگوتاری و یەکێتیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام ئەمە نەک نەبوو بگرە ئەوانە بوونە ناوبژیوانی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان لە بەغدا کە کورد کێشەی مێژوویی لەگەڵیاندا هەبوو و زۆر جار بە نەیار ناویان دەهێنرا.
شەڕ و ناکۆکی و دواخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق تا ئێستا تەنیا پێوەندیدار بوون بە ململانێ ناوخۆییەکانی کوردستان و دۆخەکە بەو شێوەیە چووەتە پێش وەک ئەوەی لەو عێراقە قەیراناوییەدا تەنیا کورد کێشەی هەبێت، هەمووان ناکۆکییەکانیان وەلاوە ناوە و چەپڵە بۆ ناکۆکییەکانی کوردستان لێ دەدەن.
لەمێژە سیاسەتمەدارە خەمخۆر و مێژوونووس و کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکان هاوار دەکەن لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان لایەنە سیاسییەکان هەرچەند ناکۆکی و فرەدەنگییان هەبێت ئاساییە بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئاسایی نییە لە کاتی دانوستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بۆ هەر پرسێکی وەک خاک، مووچە، نەوت و هەر پرسێکی تر ناکۆکییان لەگەڵ یەکتردا هەبێت. هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا کێشەی زۆر جیددی و مێژوویی هەیە بە تایبەتی لەپێوەندی لەگەڵ مادەی ١٤٠، پێشمەرگە، قەرەبووکردنەوەی تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران، شایستە داراییەکانی ڕابردوو و ئەو ستەمانەی دەرحەق بە کوردستان کراون بەڵام هیچ کام لەمانە شەڕیان لەسەر نەکراوە و هەندێک پرس و ناکۆکی ناوخۆیی ئەو پرسە گرینگانەیان لەبیر خەڵکیش بردووەتەوە.
مادەکانی ١٢ و ١٣ و ١٤ی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسند کران، بەڵام سەرجەم بڕگەکانی ئەو مادانە بەو شێوەیە نەنووسراون کە پێشتر هەولێر و بەغدا لەسەری رێککەوتبوون، هەرچەندە بەو شێوەیەش پەسند نەکران کە پیلانیان بۆ داڕێژرابوو، بەڵام بە گشتی ئەوەش نین لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا بن.
ئەگەر کورد بە یەک گوتار و لە چوارچێوەی دیسکۆرسێکی هاوبەشدا لە بەغدا ململانێی ماف و شایستە داراییەکانی کردبا دەستکەوتەکان زۆرتر دەبن و پێچەوانەکەشی پاشەکشەی هەرێمی کوردستانی بەدواوە دەبێت.