بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی، پێشوازی لە شاندی پارتی ئیرادەی تورکمانی کرد

دوێنێ، لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پێشوازی لە شاندی پارتی ئیرادەی تورکمانی کرد.

لە دیدارەکەدا کە ئازاد بەرواری و سیداد بارزانی و مەحموود محەمد، ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و جەعفەر ئیبراھیم، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی گشتی پارتی ئامادەبوون.
فازڵ میرانی وێرای بەخێرھێنانی شاندی میوان خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەم دیدارە و پیرۆزبایی گەرمی لێیان کرد بەبۆنەی بەستنی کۆنگرەیان و ھیوای سەرکەوتنی بۆیان خواست؛ وێڕای باسکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان ھەردوولا و چۆنیەتی پتەوکردنی ئەم پەیوەندییەیانە لە ئایندەدا، ھاوکات تیشک خرایە سەر پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ھەرێمی کوردستان لە سەر بنەمای ڕێز لە یەکدی گرتن و پاراستنی ماف و تایبەتمەندییەکانی ھەرلایەک.
ھەروەھا بەرپرسی دەستەی کارگێڕی جەختی لە گرنگی یەکڕیزی و تەبایی ھێز و لایەنە سیاسییەکان و پاراستنی پێکھاتەکان کردەوە و پێداگریی لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سەرجەم ھێز و لایەنە سیاسییە کوردستانیەکان کرد لە پێناو پاراستنی ئەزموونی ھەرێم و دامەزراوەکانی.
لەلای خۆیەوە مەحموود چەلەبی، سەرۆکی پارتی ئیرادەی تورکمانی، سوپاسی مەکتەبی سیاسیی پارتی کرد بۆ ئەو پێشوازیە و جەختی لە سەر پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان کرد کە خزمەت بە پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان دەکات، بەتایبەت کە پارتی دیموکراتی کوردستان، خوازیاری پێکەوەژیانە، ھەمیشەش بارزانیی نەمر پاڵپشتی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بووە.
دواپێشھاتەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی و پرۆسەی ھەڵبژاردنی کوردستان کە گرنگە بکرێت و چەند پرسێکی دیکە کە جێی بایەخی ھاوبەشن، تەوەرێکی دیدارەکە بوون.