جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال، ھۆی سەرەکی ناسەقامگیریی شنگال و ناوچەکەیە

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گشت ھاوکارییەکانیان بۆ ئاوارە و پەنابەران ڕاگرتووە، ئەوەش وایکردووە ڕۆژ بە ڕۆژ ژیان و گوزەرانی ئاوارەکان خراپتر ببێت. بە گوتەی بەرپرسانی شنگال، بوونی گرووپە چەکدارە نافەرمییەکان و جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی شنگال، ھۆی سەرەکی ناسەقامگیریی دۆخی شارەکەیە.

ئاوارەکانی شنگال گلەیی لە حکوومەتی عێراق دەکەن و دەڵێن: بەغدا لەبەرامبەر ئاوارەکان و ئەو کارەساتەی بەسەر شنگالدا ھاتووە کەمتەرخەم بووە، ئەمە لە کاتێکدایە ئاوارەکانی شنگال ماوەی نزیکەی نۆ ساڵە لە کەمپەکاندا دەژین و ئیدارەی قەزای شنگالیش حکوومەتی بەغدا بە کەمتەرخەم لە ئاست قەیرانی ئاوارەکان بە گشتیی و ئاوارەکانی شنگال بە تایبەتی، تۆمەتبار دەکات.
چەکدارانی داعش لە ٣/٨/٢٠١٤ ھێڕشیان کردە سەر شارۆچکەی شنگال و داگیریان کرد، جگە لە کۆمەڵکوژیی دانیشتوانی شارۆچکەکە، زیاتر لە شەش ھەزار ھاووڵاتی سڤیل، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە ڕفێنران، دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکرانی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتی دەکرا، بە بەشداری زیاتر لە حەوت ھەزار پێشمەرگە، شنگالی لە دەستی داعش ڕزگار کرد.
پاش ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەر، شنگال کەوتە ژێر کۆنترۆڵی حەشدی شەعبی، لەو کاتەوە، ڕۆژانە دانیشتوانی شنگال ڕووبەڕووی پێشلکاری دەبنەوە و حەشدی شەعبییش بکەرانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییانی ھێناوەتە شارەکە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئێزدیان، لە ساڵی ‏‏٢٠١٤ لە کاتی شەڕی داعش، سەرەڕای شەھیدبوون و ڕفاندنی شەش ھەزار و چوار سەد و حەڤدە ھاووڵاتیی، نزیکەی سەد و بیست ھەزار کەسی خەڵکی شنگال ‏بۆ دەرەوەی وڵات ‏کۆچیان کردووە.
لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن. یەکێک لە خاڵەکان ئەوە بوو لە ڕووی کارگێڕییەوە، قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاری بکرێت، کە سەربەخۆ و پیشەیی بێت، پاش دیاریکردنی قایمقام، لە ڕووی ئەمنییەوە چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا بخشێنرێتەوە. ھەروەھا پێویستە تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی نێو شارۆچکەکە لە ئەستۆ بگرن و ھەموو ڕێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور بخرێنەوە.
لە ڕێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و پێنج سەد کەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆ، لایەنی ئاسایشی شارۆچکەکە بەھێز دەکرێت، کۆتاییھێنان بە بوونی پەکەکە لە شنگال، لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە، لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان پێک بھێنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە.
ژمارەی ئاوارەکانی ‏شنگال لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ‏‏سێ سەد و سی ھەزار کەسە، لەو ژمارەیە ‏نزیکەی چل ھەزاریان لە دەرەوەی ‏کەمپەکان دەژین.
شنگال بە درێژایی سەد کیلۆمەتر ھاوسنوورە لەگەڵ سووریا، بەھۆی نەبوونی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ڕۆژانە بە دەیان کەسی خراپەکار و گروپی چەکدار بەو سنوورەدا ھاتووچۆ دەکەن، ئەوەش وای کردووە کە بارودۆخی ئەو شارە ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر ببێت و ئەو خەڵکەی گەڕاوەتەوە لە ترسان جارێکی دیکە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان ببنەوە.
نایف سەیدۆ، قایمقامی شنگال بە وەکالەت، دەڵێت: شنگال دەکەوێتە سنووری ماددەی سەد و چل، لەگەڵ ھاتنی داعش بارودۆخی شنگال بە تەواوەتی تێکچوو، دوای ڕزگارکردنی شارەکە لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە خەڵکێکی زۆر گەڕایەوە، بەڵام دوای ھاتنی پەکەکە و حەشدی شەعبی، ئەو خەڵکەی گەڕابوونەوە ھەموو ئاوارە بوون و ئێستە ٧٠% خەڵکی ئێمە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستاندا دەژین. دامودەزگا حکوومییەکان لە ناوچەکە نەماون، ئەگەر ھاتبا پەکەکە لەو ناوچانە نەبان، خەڵک دەگەڕانەوە، بەڵام تا ئەو گروپە چەکدارانە لە شنگال بن، بارودۆخی ئەو ناوچانە ڕۆژ بە ڕۆژ تێک دەچێت. باشترین چارە بۆ ئەو خەڵکە و ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی شنگال و ناوچەکانی دیکە، جێبەجێ کردنی ماددەی سەد و چلە، ئەگەر ئەو ماددەیە جێبەجێ نەکرێت بارودۆخی ئەو ناوچانە خراپتر دەبێت.
نایف سەیدۆ، ڕوونیشیکردەوە: ئەو کارەساتەی بەسەر خەڵکی شنگالدا ھات، شتێکی بچووک نەبوو، شارەکە وێرانە، لە ڕووی ئەمنییەوە وێرانە، گروپی چەکدار لە ناوچەکە ھەن، ھەموو ئەوانەش وای کردووە کە شار ئاوەدان نەکرێتەوە و خەڵک نەگەڕێنەوە. دەبوایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھاوکار بایە بۆ ئارامبوونەوەی دۆخی شنگال، بەڵام بەداخەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ھیچی نەکردووە و نەیان توانیوە شارەکە لە گروپە چەکدارەکان خاوێن بکەنەوە، بۆ ئەوەی ئەمن و ئەمان بۆ شارەکە بگەڕێتەوە.
حسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی ئێزدی، ئاشکرایکرد: جێبەجێنەکردنی بەندەکانی ڕێککەوتننامەی شنگال لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھۆی سەرەکی ناسەقامگیری شنگالە.
قائیدی، ئاماژەی بەوەش کردووە، بەجێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال، دەتوانرێت کۆتایی بەبوونی ئەو گرووپە چەکدارانە بھێنرێت و دۆسییەی ئەمنی شارەکە بدرێتە دەست ھێزە فەرمییەکان و لەو ڕێگەیەوە ئاوارەکان دەتوانن بگەڕێنەوە شوێنی پێشوویان.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو شەش کچی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگار کران و کەسوکاریان لە دھۆک بە شایی و ھەڵپەڕکێ پێشوازییان لێ کردن، تەمەنی کچەکان لەنێوان ١٣ بۆ ٢٣ ساڵە و لە ٢٠١٤ـەوە لە دەستی داعشدا بوون، لە دوایین ئاماردا نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی ئامارێکی نوێی قوربانیان و ڕزگارکراوانی ئێزدی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لە کۆی شەش ھەزار و چوار سەد و حەڤدە کوردی ئێزدی کە کەوتبوونە دەستی داعش، تا ئێستە سێ ھەزار و پێنج سەد و شەست و ھەشت کەس ڕزگار کراون.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی ئۆفیسی ڕزگاربووانی کوردانی ئێزدی، ڕایگەیاند: دوای ئەوە زانیارییان پێگەیشتووە کە ئەو کچانە لە شوێنێکی دیارکراودان؛ دەستبەجێ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا ئەوەی پێویست بێت بۆیان بکرێت و لە ماوەیەکی کەمدا گەڕێنرانەوە لای کەسوکاریان.